لە دهۆک بڕوانامەی لەدایکبوون لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دەدرێتەوە بەخێوکەری منداڵ
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لە دهۆک بەڵگەنامەی لەدایکبوون لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دەدرێتەوە بە خاوەن منداڵەکان، بۆ هەر گەیاندنێکیش لەنێو دهۆک، 7 هەزار دینار و بۆ دەرەوە و دەوروبەری دهۆک 12 بۆ 18 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-7-2025 نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و دەڵێت: نزیکەی مانگێکە ئەو سیستمە پەیڕەو دەکرێت و ئەم بڕیارە بۆ نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکانە و بڕوانامەی لەدایکبوون لەڕێگەی ئەو کۆمپانیا تایبەتییەوە دەدرێتەوە بە بەخێوکەری منداڵەکە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تەندروستیی دهۆک تەنیا لایەنی جێبەجێکارە و کۆمپانیا تایبەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆستە و گەیاندنەوە گرێبەستی لەگەڵدا کراوە.
پێش ئەم بڕیارە لەڕێگەی کارتی نیشتمانی و زانیارییە کەسییەکانی بەخێوکەری منداڵەکە، زانیارییەکانی تایبەت بە بڕوانامەی لەدایکبوون تۆمار دەکران و دەدرایەوە بەخێوکەری منداڵەکە، ئەویش دەیبردە نزیکترین بنکەی تەندروستی لە ماڵەکەیاندا بۆ ئەوەی خشتەی کوتان بۆ منداڵە تازەلەدایکبووەکە بکرێتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە ئەو وەرگرتنەوە راستەوخۆیەی نەهێشت.