بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی: تووشبووانی سکچوون و رشانەوە کەمبووەتەوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی دەڵێت: رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کەمبووەتەوە و ئەوەی هەیە بەهۆی ڤایرۆسێکی بڵاوەوەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-8-2025 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تووشبوون بە ڤایرۆسی رۆتا بەردەوامە و ئەمەش وایکردووە منداڵان تووشی سکچوون و رشانەوە بکات، بەڵام رێژەی تووشبوون بەراورد بە دوو مانگی رابردوو کەمترە.
لەبارەی سکچوون و رشانەوەوە، د. کۆیان گوتی کە رێژەکەی کەمبووەتەوە، داواش لە هاونیشتمانییان دەکات رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە سکچوون و رشانەوە جێبەجێ بکەن وەکو؛
- کەمکردنەوەی چوونەدەرەوە لەکاتە گەرمەکاندا.
- منداڵ بنێردرێتە مەلەوانگەی خاوێن و دڵنیا.
- خۆراکی دەرەوە و خۆراکە خێراکان کەم بکرێتەوە.
- پاکوخاوێنی بەتایبەت لەدوای توالێت.
هەر ئەمڕۆ د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار بە رووداوی گوت، لە پشکنینەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی سکچوونی تووندیان هەبووە زۆرینەیان تووشبووی ڤایرۆسی رۆتا و ئەدینۆ بوون، بەڵام گوتیشی ''ئەمساڵ، تائێستا هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا دەستنیشان نەکراوە''.