نەوجەوانێک دوای خواردنی سێ ئەندۆمیی نەکوڵاو، گیانی لەدەستدا و چیرۆکەکەی ئاشکرا دەکرێت
رووداو - تەندروستی
کوڕێکی نەوجەوانی 13 ساڵی میسری دوای خواردنی سێ ئەندۆمی بە نەکوڵاوی، گیانی لەدەستدا، میدیاکانی میسر پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو کوڕە بە سکئێشەی تووند، ئارەقکردنەوە و رشانەوەی تووندەوە چووەتە نەخۆشخانە.
ئەو کوڕە ناوی هەمزەیە و لە نێوەڕاستی ئەم مانگە بۆ نانی ئێوارە سێ ئەندۆمی بە نەکوڵاوی خواردووە، بەگوێرەی میدیا میسرییەکان، پۆلیس لێکۆڵینەوەی بۆ بابەتەکە کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە، کوڕەکە تووشی گرژبوونی تووندی ریخۆڵەکانی بووبێت و کۆئەندامی هەرسی گیرابێت، لەبەر ئەوەی بە نەکوڵاوی ئەندۆمییەکانی خواردووە. بۆشیان دەرکەوتووە پێکهاتەی ئەندۆمییەکان کێشەیان نەبووە.
لەسەر هەر کاخەزێکی ئەندۆمییەک، رێنوێنییەکانی کوڵاندنی روونکراونەتەوە و کۆمپانیاکان خەڵک هۆشیار دەکەنەوە لەوەی کە پێویستە ئەندۆمییەکە بکوڵێندرێت نەک بە کاڵی بخورێت.
د. حوسام عەبدولعەزیز، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو لە قاهیرە لەبارەی ئەم رووداوەوە دەڵێت: هێشتا روون نییە کە مردنی ئەو کوڕە راستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەکانی نێو ئەندۆمییەکەوە هەبێت، لەبەر ئەوەی پێکهاتەیەکی لەئارددروستبووە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی هەستیارییان بە گەنم هەیە، کێشەی جیدی دروستدەکات.
د. حوسام باسی ئەوەش دەکات، ئەندۆمییەکان مادەی پارێزەر و کیمیاییان تێدەکرێت بۆ ئەوەی زۆر بمێننەوە و تامیشیان خۆشتر بێت کە هۆکارن بۆ پەککەوتنی گورچیلە و جگەر.
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی بە میدیاکان گوت، خواردنی بڕێکی زۆر لەو ئەندۆمییە بە نەکوڵاوی، دەشێت هۆکار بێت بۆ گیرانی ریخۆڵەکان و ئەگەر راستەوخۆ نەبێتە هۆی مردن، ئەوا دۆخێک بەسەر کەسەکەدا دەهێنێت کە مەترسیی بخاتە سەر ژیانی.
بەشێکی بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لە ماوەی رابردوودا تایبەت بوو بە زیانەکانی ئیندۆمی، پسپۆڕێک لە بەرنامەکەدا رایگەیاند هەندێک مادەی نێو ئەندۆمی هێندە ترسناکن کە ئەگەر بە برێکی زۆر بخورێن، رەنگە ببنە هۆی مردنی منداڵەکە.