لە چین سیی بەراز بۆ مرۆڤ چێنرا
رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە جیهاندا سیی بەرازێکی دەستکاریکراو بە سەرکەوتوویی بۆ مرۆڤێک گواسترایەوە.
تیمێکی پزیشکیی چینی لە نەخۆشخانەی زانکۆی پزیشکیی گوانگژۆ، دەستکەوتێکی گەورەیان لە بواری گواستنەوەی ئەندامی جەستە تۆمار کرد، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار سیی بەرازێکیان بۆ مرۆڤ چاند. نەشتەرگەرییەکە لەسەر پیاوێکی تەمەن 39 ساڵ کرا کە تووشی مردنی مێشک بووبوو.
لە نەشتەرگەرییەکە سیی چەپی بەرازێکی بچووکی جۆری "باما" کە شەش دەستکاریی بۆماوەیی تێدا کرابوو، گواسترایەوە بۆ ناو سینگی نەخۆشەکە. ئامانج لەم دەستکارییە بۆماوەییانە، کەمکردنەوەی ئەگەری رەتکردنەوەی ئەندامە نامۆکە بوو لەلایەن سیستمی بەرگریی جەستەی مرۆڤەوە. سێ جینی بەرازەکە ناچالاک کران بۆ ئەوەی جەستەی کەسی وەرگر هاننەدەن و سێ جینی مرۆڤیش بۆ زیادکرا بۆ ئەوەی ئەندامەکە زیاتر لەگەڵ جەستەدا بگونجێت.
دوای نەشتەرگەریی چاندنەکە، سییەکە دەستبەجێ دەستی بە کارکردن کرد و بۆماوەی نۆ رۆژ بەردەوام بوو لە گۆڕینەوەی گازەکان و گەیاندنی ئۆکسجین بە خوێن، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی رەتکردنەوەی دەربکەوێت.
پڕۆفیسۆر دکتۆر هێ جیانشینگ، سەرۆکی تیمی نەشتەرگەران ئاماژە بەوەدەکات "گواستنەوەی سیی بە یەکێک لە ئاڵۆزترین نەشتەرگەرییەکانی چاندنی ئەندام دادەنرێت، چونکە سییەکان بەردەوام لە بەرکەوتندان لەگەڵ هەوای دەرەوە و زیاتر رووبەڕووی هێرشی سیستمی بەرگری دەبنەوە. سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە، ئەگەرچی لەسەر کەسێکی مێشکمردوو بووە، بەڵام دەیسەلمێنێت، لە رووی فیزیۆلۆژییەوە چاندنی سیی بەراز بۆ مرۆڤ ئەگەرێکی بەهێزە".
پێشتر لە جیهاندا نەشتەرگەریی چاندنی دڵ، گورچیلە و جگەری بەراز بۆ مرۆڤ ئەنجامدرابوون، بەڵام ئەمە یەکەمجارە سیی بەراز بەم شێوەیە تاقیبکرێتەوە.