حەوت رێگەی سرووشتی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستەی منداڵەکەت دژی پەتاکان بزانە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان حەوت رێگەی سرووشتی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستەی منداڵ دژی پەتاکان رادەگەیێنێت؛ دانەیەکیان خەوی رێکە.

د. سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: رۆژانە خواردنی میوە و سەوزەکان کە دەوڵەمەندن بە کانزا و ڤیتامینەکان و مادەی دژەئۆکسان گرنگە، چونکە هێڵی بەرگری چالاک دەکەن. هەروەها خواردنی ماست بۆ تەندروستی و بەرگریی گەدە و ریخۆڵەکان بەسوودە.
 
ئەو پسپۆڕە ئەمانەی خوارەوە پێشنیاز دەکات؛
 
1- زوونووستن و خەوی باش؛ دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی خانەکان و دروستبوونی پڕۆتینەکانی بەرگری کە دژی ڤایرۆس و بەکتریاکان دەجەنگن. 
 
2- رۆژانە خواردنی میوە و سەوزەکان؛ کە دەوڵەمەندن بە کانزا و ڤیتامینەکان و مادەی دژەئۆکسان، چونکە هێڵی بەرگری چالاک دەکەن. خواردنی ماست بۆ تەندروستی و بەرگریی گەدە و ریخۆڵەکان بەسوودە.
 
3- خواردنەوە و هێشتنەوەی جەستە بە تێرئاوی؛ هۆکارە بۆ کردنە دەرەوەی مادە ژەهرەکان و بەرگریەکی بەهێزتر.
 
4- چوونەدەرەوە، یاریکردن و جووڵەی رۆژانە؛ سووڕی خوێن  چالاک دەکات و بەرگریی منداڵ پتەو دەکات. 
 
5- کەمکردنەوەی گوشار و دڵەڕاوکێ؛ نزیکبوون لە منداڵان و دڵدانەوە و پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی لەڕووی دەروونییەوە گوشار کەم دەکاتەوە و بەرگری بەهێز دەکات.
 
6- پێدانی شیری دایک؛ پڕە لە دژەتەنەکان و خڕۆکەی سپی، بایەخی زۆرە لە پتەوکردنی سیستمی بەرگریی منداڵ.
 
7- فێرکردنی پاکوخاوێنی و دەست شووشتن؛ هۆکارە بۆ کەمتر تووشبوون بە نەخۆشییەکان.