لە ئاکرێ بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەوە دوو کچ تۆڕی چاویان دەسووتێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو کەس گەیێندرانە نەخۆشخانەی گوڵان کە بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەوە تۆڕی چاویان لەدەستدابوو.
 
نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-10-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لەو دوو کەسە 65-70٪ بینایی لەدەستداوە و ئەوی دیکەیشیان 35-40٪ـی بینایی لەدەستداوە. دەشڵێت، هەردووکیان کچن و یەکێکیان 20 ساڵ و ئەوی دیکەیشیان تەمەنی 21 ساڵە.
 
پاشنیوەڕۆى 25ى تشرینى یەکەم خۆرگیران لە هەرێمی کوردستان لە کاژێر یەکى پاشنیوەڕۆ روویدا و تاوەکو 3:30 خولەکى پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو. پزیشکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشتر هۆشدارییان دابووە هاونیشتمانییان کە لە کاتی خۆرگیرانەکە تەماشای خۆر نەکەن، چونکە زیان بە چاوەکانیان دەگەیێنێت.
 
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، ئەو دوو کچەی ئاکرێ بۆ ماوەی چەند خولەکێک بە بەردەوامی سەیری خۆریان کردووە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ باسی لەوە کرد، یەکێک لەوانە ناوی سیپەل عەبدولڕەحمانە و دانیشتووی گوندی بەراکە لە ناحیەی گردەسێن. گوتیشی، دوای ئەنجامدانی پشکینین، دەرکەوتووە کە تۆڕی چاوی سووتاوە و زیاتر لە 60٪ـی بینایی لەدەستداوە.
 
هەیفا محەممەد، دانیشتووی ناوەندی قەزای ئاکرێیە و ئەویش بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەوە تۆڕی چاوی سووتاوە، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، لە کاتی خۆرگیران بۆ چەند خولەکێک بە بەردەوامی سەیری خۆری کردووە، بۆیە بەوهۆیەوە زیاتر لە 35٪ـی بینایی لەدەستداوە.