پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی: خەڵکێکی زۆر هەن پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە هەیە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی و چاندنی ئەندامەکان رایدەگەیێنێت، لە پڕۆژەیاندا هەیە لەداهاتوودا ئەندام لەو کەسانە وەربگرن کە دڵیان زیندووە و مێشکیان مردووە، بۆ ئەوەی ئەندامەکانی جەستەیان بدەن بەوانەی پێویستیانە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-10-2024 د. کارزان سیروان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و چاندنی ئەندامەکان بە رووداوی راگەیاند، لە جیهاندا بەخشینی ئەندامەکانی جەستە شتێکی باوە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بایەخی پێنەدراوە.
 
هاوکات دەڵێت: کەسانی شارەزا هەن و پێداویستیی گونجاویش بۆ بەخشین و وەرگرتنی ئەندام هەن، بەڵام ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لەنێو خەڵکدا گەشەی نەکردووە کە ئەندامەکانیان ببەخشن.
 
د. کارزان سیروان روونی دەکاتەوە، زۆرێک لەوانەی لە چاودێریی چڕ خەوێندراون مێشکیان لەکارکەوتووە و دڵ و ئەندامەکانی دیکەیان کاردەکەن؛ ئەوانە دەتوانن ئەندامە زیندووەکانیان بە کەسانی دیکە ببەخشن، ''بەمەش ژیانی حەوت کەس لە مردن رزگاردەکەن''.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، خەڵکی زۆر هەن پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە هەیە و ئەگەر ئەندامەکانیان بۆ نەچێندرێت، ئەوا گیانلەدەستدەدەن.