تەندروستیی سنە: 25 تووشبووی نوێی سیل تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی شاری سنە رایگەیاند، لە 6 مانگی رابردوودا 25 تووشبووی نوێی نەخۆشیی سیل لەو شارەدا تۆمارکراون.
محەممەد شاوەیسی، بەڕێوەبەری تەندروستیی شاری سنە دەڵێت، لە ئێران لە 100 هەزار کەس 11یان تووشی نەخۆشیی سیل دەبن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی باش بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە نراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی سنە، نزیکەی 20٪ـی دانیشتووانی ئێران سیلی شاراوەیان هەیە، بەو واتایەی بەکتریای سیل لە جەستەیاندا هەیە، بەڵام نەخۆش نەکەوتوون.
محەممەد شاوەیسی گوتی: "پار 45 کەس لە سنە تووشی نەخۆشیی سیل بوون. لە 6 مانگی رابردووشدا 25 تووشبووی دیکە تۆمارکران."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، کۆکەیەکی وشک بۆ دوو هەفتە یان زیاتر، سنگئێشە، کۆکەیەک کە خوێنی لەگەڵ دەبێ، بێهێزی، دابەزینی کێش، نەمانی ئارەزووی خواردن، لەرزوتا و ئارەقکردن لە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی سیلن.
نەخۆشیی سیل بەهۆی بەکتریاوە دروست دەبێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی هێرش دەکاتە سەر سییەکان و لە رێگەی هەواوە لە کەسانی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.
هەموو ئەوانەی بەکتریاکەیان هەیە تووشی نەخۆشیی سیل نابن، رەنگە تووشی سیلی شاراوە بن، چونکە کاتێک کەسێک تووشی بەکتریاکە دەبێ، سیستمی بەرگری جەستەی شەڕ لەگەڵی دەکات و رێگری لە گەشەکردنی دەکات.
نەخۆشیی سیل لەرێگەی پشکنینێکی تایبەتی پێست، پشکنینی خوێن یان بە هەردووکیان دەستنیشان دەکرێت.