پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک: نەخۆش هەبووە بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە، لە چاودێریی چڕ خەوێندراوە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک باسی ئێستای نەخۆشخانەکە دەکات و ئاشكرای دەکات، ''نەخۆش هەیە بەهۆی تووشبوونی بە ئەنفلەوەنزاوە، لە چاودێریی چڕ خەوێندراوە''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27-10-2025 د. لوقمان ئەمین مزووری، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی بەهۆی تووشبوونیان بە ئەنفلەوەنزاوە زۆرترین زیانیان پێدەکەوێت، ئەوانەن کە گرووپی مەترسیدارن و ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
 
باسی ئەو گرووپە مەترسیدارانە دەکات کە ئەنفلەوەنزا بە تووندی دەگرن وەکو؛
 
- بەساڵاچووان
- منداڵانی خوار 5 ساڵ 
- تووشبووانی هەوکردنی سییەکان
- تووشبووانی رەبۆ
- تووشبووانی سستبوونی گورچیلەکان
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
 
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، هەموو ئەو گرووپە مەترسیدارانە ڤاکسینی دژەئەنفلەوەنزا وەربگرن تاوەکو تووشی پەتاکە نەبن یاخود نیشانەکان بە سووکی بگرن. (چونکە ئێستا باشترین کاتە بۆ کوتان بە ڤاکسینەکە).