نەخۆشییە مەترسیدارەکەی کیم کارداشیان ئاشکرا دەکرێت؛ 50٪ کوشندەیە

رووداو - تەندروستی

کیم کارداشیان، خانمە مۆدێلی ئەمریکی، بازرگان و ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی ریالیتی رایگەیاندووە، تووشی دۆخێکی ئاڵۆزی لوولەکانی خوێنی مێشکی بووە بە ناوی (ئاوسان و تەقینی خوێنبەری مێشک).
 
ئەو دۆخەی کیم کارداشیان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خۆیشی پێی وایە، بەهۆی گوشارە دەروونییەکانییەوە بووە کە لەدوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی تووشی بووە.
 
پزیشکەکەی دەڵێت، کیم کارداشیان لوولەکانی خوێنی مێشکی ئاوساون و ئەگەری ئەوەی هەیە بتەقن و جەڵتەی مێشک دروستببێت.
 
لەبارەی کاریگەریی گوشار لەسەر ئەو کێشەیەی کارداشیان، کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ، گوشار و دڵەڕاوکی پەستانی زۆر دەخەنە سەر لوولەکانی خوێن، بەمەش پەستانی خوێن زیاد دەکەن و جەڵتەی دڵ و مێشکی لێدەکەوێتەوە.
 
ئێستاش پزیشکان لەڕێگەی پشکنین و دەرمانەوە چاودێریی دۆخی کارداشیان دەکەن و نەشتەرگەری بە پێویست نازانن.
 
پێشگیریکردن لە ئاوسان و تەقینی خوێنبەری مێشک brain aneurysm
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا؛ 'دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، نەخواردنەوەی کحول، کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن و شەکرە و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست'. رێگەکانن.
 
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا، ئاوسان و تەقینی شاخوێنبەر دەکرێت نیشانەکانی وەکو 'سەرئێشە، ئازاری مل و شان، سەرسووڕان، لەهۆشخۆچوون، سنگئێشە و هەناسەتەنگی' دروستبکات، هەروەها ئەگەر ئەو ئاوساوییە بتەقێت ئەوا 50٪ کوشندە دەبێت، ئەگەریش لە کەسەکە لە ژیاندا بمێنێتەوە، 66٪ گیرۆدەی کێشە دەمارییە درێژخایەنەکان دەبێتەوە.
 
پاشخانێک لەبارەی کارداشیانەوە
 
کیم کارداشیانی 45 ساڵ خاوەنی نزیکەی 900 ملیۆن دۆلارە، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی لە رێگەی رێکلامکردن و کاری هونەرییەوەیە. کیم کارداشیان پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ هاوژینی کاینی وێستی راپەری بەناوبانگی ئەمریکی بوو، بەڵام دواتر بەفەرمی لە ساڵی 2022 لەیەکدی جیابوونەوە، لەکاتێکدا خاوەنی چوار منداڵن.