لە هەڵەبجە 3 پانێڵ لەبارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوون

رووداو - تەندروستی

چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمکدا، لە هەڵەبجە سێ پانێڵ لەبارەی نەخۆشییەکەوە ئەنجامدرا، هاوکات پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی مەمک دەڵێت نەخۆشخانەی هەڵەبجە ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە خانمان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27-10-2025 دکتۆر دەشنێ بارام، پزیشکی شارەزای نەخۆشییەکانی مەمک بە رووداوی راگەیاند، "پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە مێژووی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی مەمک و خستنەڕووی ئامارەکانی نێوخۆی کوردستان و جیهان."
 
ئەو پزیشکە شارەزایە هەروەها گوتیشی، "پانێڵی دووەم دەربارەی نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک و رێگاکانی خۆپارێزی بوو، پانێڵی سێیەمیش تایبەتکرا بە گرنگیی پشکنینی پێشوەختە و چۆنیەتیی ئەنجامدانی خودپشکنینی مەمک."
 
سەبارەت بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە هەڵەبجە، د. دەشنێ بارام ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو رۆژانی هەفتە، لە یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە، لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک ئامادەیە و خانمان دەتوانن بۆ پشکنین و وەرگرتنی راوێژی پزیشکی سەردانیان بکەن."