پزیشکێکی خولاو دوای وەرگەڕانی ئەمبوڵانسەکەی: ئەمجارەش سەلامەت دەرچووین

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی خولاو کە دەوامەکەی لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکارییە، ئەمبوڵانسەکەی وەردەگەڕێت و دەڵێت، بەهۆی خێرایی شۆفێرەکەوە بووە.
 
دکتۆر ساریا دلێر، پزیشكی نیشتەجێی خولاو وێنە و ڤیدیۆی ئەو رووداوەی بڵاو کردووەتەوە و هەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، ''وەکو ئەرکێکی پزیشکانی خولاو کە دەبێت لەگەڵ ئەمبوڵانسی نەخۆشدا بڕوات، منداڵێکی تازەلەدایکبووی دوو کاژێریمان گواستەوە بۆ چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی منداڵانی راپەڕین لە هەولێر، لەڕێگەی هاتنەوەمان تووشی رووداوەکە بووین''.
 
دکتۆر ساریا دلێر روونی دەکاتەوە، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 27-10-2025 بووە و هەمان بەسەرهاتی دکتۆر قەحتانی بەسەردا هاتووە، ئەو دەڵێت: ''لەکاتێکدا لەڕێگەی هاتنەوە دەبوایە شۆفێرەکە بە هێواشی و لەسەرخۆ لێبخوڕێت، چونکە نەخۆشەکەمان گەیاندبوو و دەگەڕاینەوە، بەڵام بەهۆی خێرالێخوڕینییەوە لە شەقڵاوە وەرگەڕاین''.
 
ئەوەشی گوت کە ''سوپاس بۆ خودا هەرسێکمان (من، پەرستار و شۆفێرەکە) ئەمجارەش سەلامەت دەرچووین''.
 
ئەو پزیشکە خولاوە ''سەرەڕای درێژبوونەوەی ماوەی دەوامکردن لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان، بێمووچوویی و چەندین ناڕەوایی دیکە کە بەرامبەر پزیشکانی خولاو دەکرێن''، تکا دەکات چیدیکە رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.