لە بەریتانیا شەکری نێو خواردنەوە شیرین و گازییەکان ''بۆ رێگری لە قەڵەوی'' کەم دەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
تەندروستیی بەریتانیا باجی سەر خواردنەوە گازی و شەکردارەکان زیاد دەکات و ئەم بڕیارەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی جێبەجێ دەکات.
بەریتانیا لە کارێکی نوێیدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی باجی پیشەسازیی خواردنەوە گازییەکان SDIL کە لە ساڵی 2018 راگەیێنرا، بڕی شەکری بەکارهێنراو لەنێو بەرهەمەکان کەم دەکاتەوە لە 5 گرامەوە بۆ 4.5 گرام لە 100 میلیلیتردا.
ئێستا بڕیارەکە بۆ ئەو خواردنەوە شیرینانەیە کە لەکۆی 100 میلیلیتر 5 گرام شەکریان تێدایە، بەڵام لەداهاتوودا ئەو بڕە شەکرە کەمتر دەکرێتەوە بۆ 4.5 گرام شەکر، بەمەش باج لەسەر سەتان بەرهەمی دیکەی شیرین دادەنرێت.
وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەریتانیا دەڵێت: یاساکە لە ساڵی 2028دا جێبەجێ دەبێت و دوو ساڵ مۆڵەت بە بەرهەمهێنەرانی خواردنەوە گازییەکان دەدرێت بۆ ئەوەی رێچکەی دروستکردنی بەرهەمەکانیان بۆ شەکردارکردنی کەمتر بگۆڕن.
باجەکە چەندە لەسەر بەرهەمهێنەران؟
ئێستا باجەکە 18 پاوەندە بۆ هەر لیترێک لەو خواردنەوانەی زیاتر لە 5 گرام شەکریان لە هەر 100 میلیلترێک تێدایە. 24 پاوەندە بۆ هەر لیترێک لەو خواردنەوانەی زیاتر لە 8 گرام شەکریان لە هەر 100 میلیلترێک تێدایە.
ئەو زیادکردنی باجە ئەو خواردنەوە شیرینانە ناگرێتەوە کە لە چێشتخانە، کافتریا و باڕەکاندا دروستدەکرێن وەکو شوکولاتەی گەرم، لاتێ و میڵک شەیک و .... بەڵام بۆ ئەوانەیە کە لە کارگەکانەوە بەرهەمدەهێندرێن.
بەبۆنەی ئەو پڕۆژەیەی زیادکردنی باجە، ئێستا نزیکەی 90٪ـی خواردنەوە گازییەکان کە دەفرۆشرێن، شەکری کەمتریان تێدایە بەراورد بەو کاتەی کە بڕیارەکە نەبوو.
سوودە تەندروستییەکانی زیادکردنی باجەکە و کەمکردنەوەی بڕی رێگەپێدراوی شەکر لەنێو خواردنەوەکان چی دەبێت؟
د. شارلۆت ئێکهارت، راگری فاکەڵتی نەشتەرگەرییەکانی ددان لە کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا دەڵێت: ئەمە سەرکەوتنێکی بەرچاوە بۆ تەندروستیی گشتیی وڵاتەکە، بەتایبەت پاراستنی دەم و ددانی منداڵان.
بەپێی NHSـی بەریتانی، 17 ملیۆن کالۆری لە خواردنی رۆژانەی خەڵکی وڵاتەکە کەم دەبێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە (قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە و شەکرە).