دیبەیت؛ کەرتی تەندروستی بەهۆی کەمیی بودجەوە "کێشەی هەیە"
رووداو - تەندروستی
بەرپرسانی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنن، کەرتی تەندروستی لە شارەکە بەهۆی کەمیی بودجەوە کێشەی زۆری هەیە و نەخۆشخانەکان بەپێی ستانداردنی جیهانی تەختی پێویستیان نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د. شاسوار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 28%ـی بودجەیان وەرگرتووە و لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکاندا کێشەیان هەیە.
بە گوتەی د. شاسوار عەلی، بەپێی کەمترین ستانداردی جیهانی، کەرکووک کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسە پێویستی بە 5 هەزار تەختی نەخۆشخانە هەیە، بەڵام تەنیا 1,300 تەختیان هەیە واتە 3,700 تەختی دیکەیان پێویستە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، شارەکە پێویستی بە 6 نەخۆشخانەی دیکەی وەک نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەکە هەیە، کە ئێستا 90%ـی کارەکانی تەواو بووە.
لەلایەکی دیکەوە، د. بەڵێن عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک لە بوڵتەنی تەندروستی، پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی کەمیی بودجەوە کەموکوڕییەکی زۆر لە کەرتی تەندروستیی شارەکەدا هەیە.
د. بەڵێن عومەر، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای بوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان، کێشەی کەمیی دەرمانی شێرپەنجەیان هەیە بەهۆی گرانیی نرخەکانیانەوە. هەروەها گوتی، "تەختی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی ئازادی کەمە و نەخۆشەکانمان زیاتر ئاراستەی سلێمانی و هەولێر کردووە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی باسی لەوەش کرد کە هەوڵیانداوە ژمارەی تەختەکان زیاد بکەن؛ بۆ نموونە، تەختی چاودێریی چڕ لە 8ـەوە بۆ 15 و هی چاودێریی دڵ لە 9ـەوە بۆ 14 زیادکراوە، هەروەها بەشی چاودێریی چڕی منداڵانیش کراوەتەوە و 95%ـی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئازادیش تەواو بووە.