لە کفری بەشی پشکنینی پێشوەختەی گرێ و شێرپەنجەکانی مەمک کرایەوە

رووداو - تەندروستی 

بەشی پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی گرێ و شێرپەنجەی مەمک لەناو نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری کرایەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28-1-2025 د. سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، هەر خانمێک دەتوانێت لە بەشەکە پشکنین بکات و پێشوەختە گرێ و شێرپەنجەی مەمک {ئەگەر هەیبێت} دەستنیشانبکرێت یاخود چاودێریی دۆخی تووشبووان بکرێت.
 
د. سامان سەرتیپ گوتی، ''هەموو رۆژێک بەشەکە کراوەیە و ئامانجمانە رۆژانە زیاتر لە 20 کەس پشکنینیان بۆ بکرێت''، لەبارەی تێچووی پشکنینەکە دەڵێت: ''بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بەخۆڕاییە و بۆ کەسانی دیکەش لە 10 هەزار دینار کەمترە''.
 
خانمێک کارمەندێکی بەشەکەیە و دەڵێت: یەک ئامێر دابینکراوە وە سێ کارمەندی خۆبەخش بۆ پشکنینەکە تەرخانکراون.
 
لە گەرمیان چوار نەخۆشخانەی گشتی هەن و تەنیا لە نەخۆشخانەی گشتیی کفری بەشی پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجە مەمک و گرێیەکانی مەمک کراوەتەوە.