بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق: پلەی گەرما لە عێراق 4 پلە بەرزبووەتەوە
رووداو - تەندروستی
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای دەکات، پلەی گەرما لە عێراق 4 پلە بەرزبووەتەوە، پیسبوونی ژینگە و هەوا هۆکارە سەرەکییەکانن کە دەشێت بەهۆی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای کۆن و سووتانی سووتەمەنیی خراپ بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-1-2025 جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا رایگەیاند، ''دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای عێراق زیادبووە و کاردەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوە''.
جاسم فەلاحی دەڵێت: بڕیارە کۆمپانیایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاودێریی گازە ژەهراوییەکان بکات کە لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە دەردەدرێنه بەرگەهەوا.
تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەش و سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکەیە کە تێیدا پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
کۆنفرانسی وزەی عێراق رۆژانی 28 و 29ی کانوونی دووەمی 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. لە دوو رۆژی کۆنفرانسەکەدا لە رێگەی 14 پانێلەوە گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکرێت، لەوانەش، فرەیی ئابووریی عێراق، بەکارهێنانی وزەی پاک لەبری وزە نەریتییەکان، وەبەرهێنانی کارەبا و چەند مژارێکی دیکەی ئابووری و وزە.