خانمێکی چینی لە تەمەنی 59 ساڵیدا منداڵێکی بوو؛ چیرۆکەکەی بزانە

رووداو - تەندروستی

لە چین خانمێک لە تەمەنی 59 ساڵیدا منداڵێکی لەدایکبوو، ئەو دەڵێت، خۆی و هاوژینەکەی هەستیان بە تەنیایی کردووە و حەزیان لێبووە منداڵێکی دیکەیان ببێت. چیرۆکەکەی ئاشکرا دەکات.
 
ئەو خانمە بە (ژوو) ناسراوە و ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی گشتیی ژانژیانگ لە چین بە نەشتەرگەری منداڵی بووە، بەگوتەی پزیشکان، بە تەکنیکی منداڵی بلووری IVF منداڵەکە پیتێنراوە و سەرکەوتوو بووە. لە ئەنجامدا کوڕێکیان بووە و ئەمە دووەم منداڵی ئەو خێزانەیە.
 
خانمە 59 ساڵەکە دەڵێت: کچەکەم {یەکەم منداڵی} لە دەرەوەی وڵاتە و من و هاوژینەکەم هەستمان بە تەنیاییەکی زۆر دەکرد، هەر بۆیە بڕیارماندا منداڵێک بخەینەوە و ئەوەش بۆ هەردووکمان وەکو خەون وابوو، خۆشبەختانە هاتە دی.
 
ئەوەشی گوت، دوو ساڵە ئامادەکاری دەکات بۆ دووگیانبوون تاوەکو دانانەوەی منداڵە بلوورییەکە سەرکەوتوو بێت.
 
گیۆ هویپینگ، سەرۆکی پزیشکانی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە دەڵێت، ''ماوەی دووگیانی لەو تەمەنەدا مەترسییەکی گەورە و ئاڵۆزی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمەیان زۆر بە سەرکەوتوویی بووە''.
 
هەرچەندە ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات، (ژوو) تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاوسانی گورچیلەکانی بووە، پاشانیش قاچەکانی ئاوساون، هەر بۆیە لە هەفتەی 33ـی دووگیانییەکەی بڕیاردراوە کە نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ بکەن.
 
پسپۆڕێک هەموو شتێک لەبارەی منداڵی بلوورییەوە ئاشکرا دەکات (راپۆرتەکە ببینە)