سەنتەری توێژینەوەی بەساڵاچووان لە تورکیا: 20٪ـی بەساڵاچووان بە تەنیا دەژین
رووداو - تەندروستی
سەنتەری توێژینەوەی بەساڵاچووان لە تورکیا رایدەگەیێنێت، لەو وڵاتە لە هەر چوار ماڵێکدا کەسێکی بەساڵاچووی تێدایە. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: ئێستا ملیۆنێک و 840 هەزار بەساڵاچووی تەنیا هەن''.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمینە ئۆزمەتە، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی بەساڵاچووان لە تورکیا ئاشكرای دەکات، لە ساڵی 2011ـەوە تورکیا کار لەسەر خۆشگوزەرانیی وڵاتان دەکات. لەکاتێکدا لە پێنج ساڵی رابردوودا 5٪ ژمارەی بەساڵاچووان لەو وڵاتە زیادی کردووە کە دەکاتە زیاتر لە نۆ ملیۆن و 600 هەزار کەس.
دکتۆر ئەمینە ئۆزمەت دەڵێت: 20٪ـی بەساڵاچووان منداڵەکانیان لە هەمان شاردا ناژین کە تێیدا دەژین و ئەمەش وایکردووە تەنیا بمێننەوە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 840 هەزار بەساڵاچوو.
تەندروستیی تورکیا ئەم مەرجانە بۆ بەتەندروستهێشتنەوە بەساڵاچووان دادەنێت وەکو؛
- لە هەوای پاکدا بن
- پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان باش بێت
- کوتان بکەن
- رۆژانە لانیکەم 7 کاژێر خەویان هەبێت
هەروەها ئەمانەشیان بەرامبەر بکرێت؛
-سەرزەنشت نەکرێن
-رێزیان بگیرێت
-کاتیان لەگەڵ بەسەر ببرێت
-خۆراکیان لەگەڵ بخورێت
-یارمەتییان بدرێت
-ئاگاداریان بین
لەکۆتاییشدا ئاشکرای دەکات، 80٪ـی بەساڵاچووان نەخۆشییەک یان زیاتریان هەیە و بەشێکی زۆریان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە پێشنیاز بۆ بەخێوکەرانیان دەکات کە ئاگایان لە خشتەی دەرمانەکانیان بێت و بە دروستی رێنوێنییەکانی پزیشکیان لەسەر جێبەجێ بکەن.