بۆ یەکەمجار FDA دەرمانێکی جیاوازی ئەنسۆلینی پەسند کرد؛ هەفتانە یەک جار بەکاردێت
رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا دەرمانێکی نوێی ئەنسۆلینی پەسند کرد کە جیاواز لە دەرمانەکانی دیکەی ئەنسۆلین، هەفتانە یەک جار بەکاردێت و کاریگەرییەکەی درێژخایەنە.
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا پەسندی دەرمانی ئەنسۆلینی کرد بە ناوی Awiqli کە کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسک بەرهەمی دەهێنێت. ئەو دەرمانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن لە تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەم بەکاردەهێنرێت.
کۆمپانیای Novo Nordiskـی دانیمارکی رایگەیاند، تائێستا لە 13 وڵات و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پەسند کراوە و لە نیوەی ئەم ساڵدا دەرمانەکە دەخرێتە بازاڕەوە و تەنیا یەک جار بەکاربێت، ئیدی کاریگەرییەکەی بۆ هەفتەیەک دەمێنێتەوە و پێویست ناکات رۆژانە بەکاربێت. واتە لەبری ئەوەی هەفتەی حەوت جار بەکاربێت، تەنیا یەک جار بەکاردێت.
د. ئاننا وێندڵ، جێگری سەرۆکی گەشەپێدانی کلینیکی و کاروبارە پزیشکییەکانی کۆمپانیا دانیمارکییەکە دەڵێت: بڕیارە دەرمانەکە لەشێوەی دەرزی بخرێتە بازاڕەوە، پەسندکردنەکەش دوای ئەوە هاتووە کە دەرمانەکە لە قۆناخەکانی تاقیکردنەوەدا لەسەر 2680 تووشبووی شەکرەی جۆری دوو سەرکەوتوو بووە.
دەرزیی ئەنسۆلین بۆ کام جۆری شەکرە بەکاردێت؟
بەگوێرەی ناوەندی CDC، دەرزیی ئەنسۆلین بۆ هەموو تووشبوویەکی جۆری یەکەمی شەکرە بەکاردێت، بەڵام ئەوانەشی کە جۆری دووەمی شەکرەیان هەیە و بە دەرمان و شێوازی ژیان پێیان کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ئەوا بە راوێژی پزیشک دەرزیی ئەنسۆلین بەکاردەهێنن.
دەرمان بە چ قۆناخێکدا تێدەپەڕێت تاوەکو لە دروستکردنیەوە دەخرێتە بازاڕ؟