توێژینەوەیەک: ئەو خانمانەی ماسوولکەیان بەهێزە درەنگتر دەمرن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەو خانمانەی ماسوولکەکانیان بەهێزە و وەرزشیان کردووە، ئەگەری مردنی لەناکاویان کەمترە لەو خانمانەی کە وەرزشیان نەکردووە و خاوەنی ماسوولکەیەکی شل و شێواون.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMA بڵاو کراوەتەوە و تاقیکردنەوە لەسەر پێنج هەزار خانمی بەساڵاچوو کراوە؛ ئەو خانمانەی لە گەنجیدا وەرزشیان کردووە و ماسوولکەکانیان بەهێز بووە، ئەگەری مردنیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمتر بووە. بۆ ئەمەش توێژەران هێزی گوشینی دەست یاخود تاقیکردنەوەی هەستانەوە لەسەر کورسیان بەکارهێناوە بۆ پێوانەکردنی هێزی ماسوولکەکان.
 
بۆچی هێزی ماسوولکەکان بە تەمەندرێژییەوە پەیوەستە؟
 
هێزی ماسوولکەکان تەندروستیی ژمارەیەک لە کۆئەندامەکانی جەستە دەردەخات، کاتێک مرۆڤەکان لەگەڵ بەساڵداچووندا هێزی خۆیان دەپارێزن، ئەمە زۆرجار ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ماسوولکەکان، ئێسک، کۆئەندامی دەمار و زیندەپاڵ پێکەوە بە باشی کاردەکەن. ئەم کۆئەندامانە پاڵپشتیی جووڵە، هاوسەنگی و توانای ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانە دەکەن.
 
د. لیانا وێن، پسپۆڕی تەندروستی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج واشنتن دەڵێت: ماسوولکەی بەهێز بە رێژەیەکی باشتر شەکر و پەستانی خوێن رێک دەخات، بۆ ئەوەی هێزەکانیشیان بزانین پێویستە کەسەکە بە ئاسانی و خێرایی لەسەر کورسییەک هەڵبستێتەوە یاخود توانای گوشینی دەستی بەهێز بێت.
 
ئەمەش بزانە
 
هەر کەسێک دەشێت 10 ساڵ جارێک بەبێ راهێنانی ماسوولکە 1.8 تاوەکو 2.8 کیلۆگرام ماسوولکە لەدەستبدات. لێکەوتەکانی ئەمەش کەوتن و شکان یاخود ناڕێکیی رۆیشتنن لە بەساڵاچوواندا.