سەرۆکی ناوەندێکی شێرپەنجە لە ئوردن: ئامادەین هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراق بکەین
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی ناوەندی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شا حوسێن لە ئوردن ئاشکرای دەکات، لە ئوردن پڕۆگرامی تایبەت هەیە بۆ راوێژی دەروونیی تووشبووانی شێرپەنجە. ئەوەش باس دەکات کە هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-4-2025 د. کەمال رەبیع، سەرۆکی ناوەندی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شا حوسێن لە ئوردن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دکتۆر لونا خالید ئەوەی راگەیاند، ئێستا بەهۆی زیادبوونی جگەرەکێشان، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان زیاد بووە.
بەگوتەی د. کەمال رەبیع، شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە لەگەڵ شێرپەنجەی لیمفەگرێیەکان بڵاوتر بوون و شێرپەنجەی مەمکیش باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئوردن.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە لایەنی دەروونیی تووشبووی شێرپەنجە کرد و گوتی، ''لە ئوردن کەشێکی دەروونیی گونجاو بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەگونجێنین و راوێژکاری دەروونی دەنێرینە ماڵەکانیان''.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکات، شێرپەنجە ترسی ناوێت و پشکنینی پێشوەختە بکرێت، چونکە شێرپەنجە لە قۆناخی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت، چارەسەری ئاسان دەبێت.