پزیشکان لەبارەی دۆخی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر: تادێت خراپتر دەبێت
رووداو - تەندروستی
پزیشکەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە نوێترین روونکردنەوەیاندا رایانگەیاند، بەداخەوە مەترسیی لەسەر ژیانی تا دێت زیاتر دەبێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، پزیشکەکانی سری سورەییا ئۆندەر، بەناوی نەخۆشخانە روونکردنەوەیەکیان لەبارەی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر بڵاوکردەوە. ئەوان دەڵێن: ''لە 13مین رۆژی چارەسەرکردنیدا لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکەماندا، بەداخەوە مەترسییەکان لەسەر ژیانی تا دێت زیاتر دەبێت''.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "13 رۆژە لە یەکەی چاودێریی چڕدا خەوێندراوە. سەرەڕای ئەوەی لەژێر ئامێری بووژانەوەی دڵە، چارەسەری وزەبەخشی بەردەوامیشی پێ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە دۆخی هەستیاری لوولەکانی خوێنی خراپتر دەبن''.
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا گوتیان، "بە ئارامگرییەوە بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە چارەسەرییەکانمان و چاوەڕێی ئەنجام دەکەین."
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
نەخۆشییەکەی سری سورەیا ئۆندەر چییە؟
پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە گوتویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
ئێستا سری سورەیا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕدایە. پزیشکەکانی پێنج رۆژیان بۆ دانابوو بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەکان تێپەڕێنێت.
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، نیشانە باوەکانی پچڕان یاخود تەقینی شاخوێنبەری دڵ ئەمانەن؛
سینگئێشە
هەناسەتەنگی
دڵەکوتێ
ئارەقکردنەوە لەگەڵ هەناسەتەنگی
لێڵبوونی بینین
ئازاری قاچ و کێشە لە رۆیشتن
لێکەوتەکانی پچڕان یاخود تەقینی شاخوێنبەری دڵ ئەمانە؛
جەڵتەی دڵ
پەککەوتنی دڵ
سستبوونی گورچیلەکان و دڵ
مردن