کەی خوێنبینین لەدوای سەرجێییکردنی هاوژینان مەترسیدارە؟
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون بابەتێک دەوروژێنێت لەبارەی خوێنبینین لەدوای سەرجێییکردنی هاوژینان و ئاشكرای دەکات، رەنگە نیشانەیەکی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بێت.
د. هاوژین عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، هەندێکجار وشکبوونەوەی زێ بەهۆی چەند گۆڕانکارییەکی ئاسایی و فیسیۆلۆژیی جەستە دەکرێت ببێتە هۆی بینینی خوێن لەدوای سەرجێییکردن.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە خانمان کە لە یەگەری بوونی هەر نیشانە یاخود گۆڕانکارییەک لە سووڕی مانگانەیاندا، پزیشکی پسپۆڕ ببینن، تاوەکو زوو دەستنیشانبکرێن و زوو کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
دەقی وەڵامەکانی د. هاوژین عوسمان لەبارەی خوێنبینین لەدوای سەرجێییکردن؛
رووداو: باوترین هۆکاری ئازار و بینینی خوێن لەدوای سەرجێییکردنی هاوژینان چییە؟
د. هاوژین عوسمان: ئەو خوێنەی لەدوای سەرجێییکردن دەبیندرێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە سووڕی مانگانەوە نەبێت و خوێن ببیندرێت دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بێت؛
- وشکبوونەوەی ناوچەی زێ (بەتایبەت دوای تەمەنی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە) یاخود (ماوەی شیرپێدانی سرووشتی).
- هەوکردنی زێ
- هەوکردنی ملی منداڵدان (بەهۆی ڤایرۆس، کەڕوو و بەکتریا)
- گۆشتی زیادەی نێوپۆشی منداڵدان
- گۆشتی زیادەی ملی منداڵدان
- شێرپەنجەی منداڵدان، نێوپۆشی منداڵدان و زێ
رووداو: ئەگەر خوێنی دوای سەرجێییکردن کەم بوو واتە چەند دڵۆپێکیش بێت، ئاساییە؟ یاخود هەر دڵۆپێکی خوێن بینرا ئیدی نیشانەی نەخۆشییە یاخود لە چ کاتێکدا ئاساییە؟
د. هاوژین عوسمان: هەر کاتێک خوێن بینرا، جا ئەگەر چەند دڵۆپێکیش بێت، پێویستە خانمەکە پزیشکی پسپۆڕ ببینێت و پشکنینی بۆ بکرێت.
رووداو: ئایا بینینی خوێن لەدوای سەرجێییکردن ئاماژەیە بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان؟
د. هاوژین عوسمان: بینینی خوێن لەدوای سەرجێییکردن نیشانەیەکی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە، بەڵام مەرج نییە شێرپەنجەکە تەنیا ئەو نیشانەیەی هەبێت، بەڵکو رەنگە ئازار، گۆڕانکاری لە سووڕی مانگانەدا و زیادبوونی دەردراوەکانی زێ دروستببن، هەندێکجاریش هیچ نیشانەی نییە.
رووداو: باوترین هۆکار چییە کە خانمان تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەکات؟
د. هاوژین عوسمان: 70٪ـی هۆکارەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەگەڕێتەوە بۆ تووشبوون بە دوو جۆری ڤایرۆسی HPV کە ناسراوە بە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ. هەندێک هۆکاری دیکە هەن کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکەن وەکو؛
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- بەساڵداچوون
- لاوازیی بەرگریی جەستە
- بەکارهێنانی حەبی رێگری لە دووگیانبوون بۆماوەیەکی درێژ
- منداڵبوون لە تەمەنێکی زوودا
- سەرجێییکردن (جووتبوون)ـی ناتەندروست
رووداو: رێگەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان چین؟
د. هاوژین عوسمان: رێگەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەکرێت ئەمانە بن؛
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو کۆمەڵگە
- وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- بەکارهێنانی کۆندۆم بۆ رێگری لە نەخۆشییە بە سێکس گوازراوەکان
- سەرجێییکردنی تەندروست
- کوتان بە ڤاکسینی دژە HPV (لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە تەمەنی 9 تاوەکو 12 ساڵ کچان ئەم ڤاکسینە وەردەگرن).
- زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گۆڕانکارییەکانی ملی منداڵدان، لەڕێگەی پشکنینەکانی Pap smear و پشکنینی پێشوەختە ئەمەش لەکاتی هەستکردن بە هەر نیشانە و گۆڕانکارییەک دەبێت، پزیشک ببیندرێت.
رووداو: لە چ تەمەنێکەوە خانمان پشکنین بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئەندامی زاوزێیان و پشکنینی منداڵدان و ملی منداڵدان؟
د. هاوژین عوسمان: لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە تەمەنی 25 ساڵییەوە دەستدەکرێت بە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان و هەر گۆڕانکارییەکی ملی منداڵدان. لە هەرێمی کوردستان باشترە خانمان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی سێ ساڵ جارێک پشکنین بکەن تاوەکو تەمەنیان دەبێتە 50 ساڵ، دواتر پشکنینەکە بکەن بە پێنج ساڵ جارێک.