لە هەولێر پڕۆسەی کوتانی حاجییان بەڕێوەدەچێت

رووداو - تەندروستی

لە هەولێر، پڕۆسەی کوتانی ئەو هاونیشتمانییانەی کە ئەمساڵ سەفەری حەج دەکەن، لە چوار بنکەی تەندروستیی دیاریکراودا دەستیپێکردووە.

دڵشاد ئیسماعیل بەڕێوەبەری کارگێڕیی بنکەی تەندروستیی ئازادی بە تۆڕێ میدیایی رووداوی راگەیاند، 492 حاجی لە هەشت کۆمپانیای جیاواز لە بنکەکەیان ناویان تۆمارکراوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 حاجییان کوتانیان بۆ کراوە.
 
دڵشاد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی پێویست ڤاکسینیان لەبەردەستە و دوو جۆر ڤاکسین بۆ حاجییان بەکاردەهێنرێت، کە بریتین لە ڤاکسینی هەوکردنی پەردەی مێشک و ڤاکسینی گەزاز.
 
پڕۆسەی کوتان لە بنکە تەندروستییەکانی دیکەی شاری هەولێریش بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی تەندروستیی سەرجەم حاجییان پێش بەڕێکەوتنیان.