پسپۆڕێکی منداڵان: دواخستنی کوتانی منداڵەکانتان مەترسیدارە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان هۆشداری دەداتە دایک و باوکان کە پابەندی خشتەی کاتی کوتانی منداڵەکانیان بن و دواینەخەن، چونکە دواخستنی دەبێتە هۆی مەترسیی تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیدار.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-4-2026 د. شیلان ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان خشتەیەکی تایبەت بە پێدانی ڤاکسین هەیە کە منداڵان لە نەخۆشییەکانی وەک سیل، ئیفلیجی، سوورێژە و سۆریکە دەپارێزێت."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان جەختی لەوە کردەوە کە دروستکردنی بەرگری لە رێگەی ڤاکسینەوە باشترین رێگەیە، چونکە لە ڤاکسینەکەدا ڤایرۆسەکە لاواز کراوە و بەشێوەیەکی سەلامەت بەرگری دروست دەکات، بەڵام ئەگەر منداڵەکە خۆی تووشی ڤایرۆسەکە ببێت، ئەوا مەترسیی زۆری لەسەر تەندروستیی دروست دەبێت.
د. شیلان ئەحمەد لە کۆتاییدا گوتی، "کاری پزیشک تەنیا چارەسەرکردن نییە، بەڵکو ئەرکی سەرەکیمان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان."