نەخۆشنامە؛ رۆژی وا هەیە پێنج تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێت

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە باسی پشکنینە پێشوەختەکانی شێرپەنجەی مەمک دەکات و پسپۆڕێکی تیشک و سۆنەر ئاشکرای دەکات، رۆژی وا هەبووە لە کلینیکەکەیان پێنج تووشبووی شێرپەنجەیان دەستنیشان کردووە و تیمە پزیشکییەکەیان سەری سووڕماوە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە.
 
لە هەرێمی کوردستان و لە جیهانیش رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بووە، د. نیگار حەوێزی، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر کە کلینیکەکەیان پشکنینی دیاریکردنی شێرپەنجەی مەمکیشی تێدا دەکرێت، دەڵێت: ''رۆژ نییە دوو تاوەکو پێنج تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان نەکەین''.
 
لەبارەی هۆکارەکانیش ئەو گوتی، هۆکارێکی دیاریکراو نییە کە 100٪ بزاندرێت ئەوە بووەتەهۆی شێرپەنجەکە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار هەن کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.
 
د. نیگار حەوێزی، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر دەڵێت: زۆرجار خانمان دەترسێن لە دەرکەوتنی نیشانەکانیان و زۆرجاریش ئەو ترسەی خانمان لە خۆڕاییە، چونکە کە بە پشکنین دڵنیا دەبینەوە، تەنیا گرێیەکی ئاسایی دەردەچێت.
 
د. نیگار گوتی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجەی مەمک لە خانمان تێکچوونی هۆرمۆنە هەر بۆیە روونی دەکاتەوە، ''وەرگرتنی هۆرمۆن جا چ بە دەرزی بێت یاخود بە دەنکۆڵە وا لە هۆرمۆنە ئاساییەکان دەکەن ناڕێک بن''. یەکێک لەو هۆرمۆنانەش وەستانی سووڕی مانگانەن کە بە هی رێگری لە دووگیانبوون ناسراون.