لە سوودان لەماوەی هەفتەیەکدا 172 کەس بە کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاریی تەندروستیی سوودان رایدەگەیێنێت، کۆلێرا بە چڕی لە وڵاتەکە بڵاو بووەتەوە و لەماوەی هەفتەیەکدا دوو هەزار و 729 تووشبووی کۆلێرا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 172ـیان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندەکە ئاشكرای دەکات، 90٪ـی تووشبووەکان لە خەرتوومن و تووشبووانی جۆرێکی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە وڵاتەکە گەیشتووەتە 12 هەزار و 886 کەس و 54 تووشبووی سوورێژەش تۆمار کراون.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن CDC لە ئەمریکا، کۆلێرا نەخۆشییەکە بەهۆی بەکتریای کۆلێراوە تووشمان دەبێت و چەند جۆرێکی ئەم بەکتریاییە دەبنە هۆکاری نەخۆشی و بەشێکی زۆریشی بەشێوەیەکی ئاسایی لە رێڕەوی هەرسدا جێگیرن.
لەڕێگەی خواردنەوەی ئاو و خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریاکە، خواردنی گۆشتی نەکوڵاو دەگوازرێتەوە. بەڵام لەڕێگەی هەناسەوە ناگوازرێتەوە.
نیشانەکانیشی دەشێت، سکچوونێکی ئاوی، رشانەوا، هێڵنجدان، ئازاری سک و سەر و نەمانی ئارەزووی خواردن بن. رێژەی کوشندەیی دەگاتە %50 ئەگەر تووشبووەکە چارەسەر وەرنەگرێت.
رێگەکانی پێشگیریکردن لێی؛
- پاک و خاوێنی لە ئاوی خواردنەوە
- دەستشووشتن و پاکڕاگرتنی کەل و پەلەکان
- کوڵاندنی گۆشت و بەروبوومە ئاژەڵییەکان
- بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆلێرا