بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ لەڕووی زانستییەوە جن ناچێتە جەستەوە، بەڵکو ئەوە نەخۆشی و ناڕێکیی دەروونییە
رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس لەبارەی ئەو پرسیارە گرنگە بوو کە ئایا ''جن دەچێتە جەستەوە؟''، میوانەکەش پسپۆڕێکی دەروونییەکان بوو و هەم زانیارییەکی باشی ئایینیشی هەبوو، دەڵێت: لەڕووی زانستییەوە جن ناچێتە جەستەوە و ئەوانە هەمووی نەخۆشیی دەروونین کە لای پزیشک و پسپۆڕانی دەروونی چارەسەر دەکرێن.
د. زانا ئەحمەد قەساب، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت: ''هەندێک دۆخی دەروونی هەن کە کەسی تووشبوو بە نائاگا دەبوورێتەوە، دەستی ناجووڵێت، قاچی ناجووڵێت، زمانی گۆ ناکا، یاخود بەدرۆ خۆی نەخۆش دەخات کە دەشێت هۆکاری نەخۆشی و ناجێگیرییە دەروونییەکان بن''، بەڵام وا لێکدەدرێنەوە کە جنۆکە چووەتە نێو جەستەی کەسەکە و وای لێدەکات.
کەسێک چیرۆکی هاوژینەکەی دەگێڕێتەوە کە بۆماوەیەکی زۆر سووڕی مانگانەی وەستاوە و دوای سەردانیکردنی دکتۆر هەر چاک نەبووە و تەنیا بە کاتی چاک دەبووەوە، بەڵام کەسێک گوتویەتی کە ئەو خانمە ''سیحری لێکراوە'' و بە گوتەی خۆی، رێگەکانی بەتاڵکردنەوەی سیحریان بۆ گرتووەتە بەر؛ ئیدی خانمەکە لەماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک چاک بووەتەوە.
د. زانا ئەحمەد لەسەر ئەم کەسە دەڵێت: لەڕووی پزیشکییەوە ئەگەر ئەو خانمە بچووبایە بۆ لای پزیشکی دەروونی ئەوا هەر زوو چارەسەر دەبوو، چونکە سەتان کەیسی لەو شێوەیە هەیە و لەڕووی دەروونییەوە چارەسەر دەکرێن.
دکتۆر ئاراس و دکتۆر زانا جەخت لەوە دەکەنەوە، لەڕووی ئایینییەوە پابەندن بەوەی جن هەیە، بەڵام لەڕووی زانستییەوە دەڵێن، زانست لێکدانەوەی بۆ نەکردووە، چونکە نابیندرێت، زۆرێک لەو هەڵەتێگەیشتنانەشی کە هەن بە ناوی ''جن چوونەجەستەوە'' لێکدەدرێنەوە، نەخۆشیی دەروونین و چارەسەریان هەیە.