هۆشداریی پسپۆڕان بۆ دایباب؛ منداڵەکانتان بۆ خولەکێکیش لەنێو ئۆتۆمبێلدا جێمەهێڵن

رووداو - تەندروستی

پلەی گەرما لە بەشێکی زۆری جیهان بەرزبووەتەوە و پسپۆڕان، دایک و باوکان لە مەترسی گەرما بۆ سەر منداڵەکانیان ئاگادار دەکەنەوە، بەتایبەت کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێل جێیان دەهێڵن.
 
هەر بۆیە لەسەر شەقامەکان تابلۆی ئاگاداری لە جێنەهێشتنی منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێل دانراوە، کارین دیرۆگاتیس، پسپۆڕ دەڵێت: "دەبێ خەڵکی لەوە تێ بگەن کە جێهێشتنی منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێل تەنانەت لە پلەی گەرمیی ئاساییدا کاریگەری خراپی هەیە و دەبێ لە هەنگاوی لەو جۆرە نیگەران بن". 
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی سان هۆس ستەیت، نزیکەی 80٪ـی دۆخە مەترسیدارەکانی گەرمابردن لە نیو کاژێر بەجێهێشتنی منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێل روویان داوە کە پلەی گەرمیی گەیشتووەتە 65 پلەی سیلیزی.
 
کاتی واڵ، بەڕێوەبەری دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی منداڵ دەڵێت: ''منداڵەکەت جێمەهێڵە لەنێو ئۆتۆمبێل بێ ئەوەی کەس چاودێریی بکات، ئەگەر بۆ خولەکێکیش بێت. ئەگەر منداڵێکت لەنێو ئۆتۆمبێل بینی جێهێڵدراوە، دەستبەجێ پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکە''.
 
نیشانەکانی گەرمابردن دەکرێت ئەمانە بن ئارەقکردن، سەرسووڕان، هێڵنج و رشانەوە، جەڵتەی گەرما، بوورانەوە و وشکبوونەوەی جەستە بەتایبەت لە منداڵان دەردەکەوێت.
 
ئەگەر پلەی گەرمیی لە دەرەوە 40 پلەی سیلیزی بێت، ئەوا لەنێو ئۆتۆمبێل 15 بۆ 20 پلە زیاترە کە دەکرێت نیشانەکان رووبدەن و بە گیانلەدەستدان کۆتایی بێن.