پسپۆڕێک: هەوای پیسبوو هۆرمۆنەکانی خانمان تێکدەدات و رەنگە نەزۆک ببن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، هەر خانمێکی دووگیان لەنێو هەوای پیسدا بێت بەتایبەت هەوایەکی دووکەڵاوی بە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ ئەوا ئەگەری ناڕێکییە سکماکییەکانی کۆرپەکەی زیاد دەکات و دەشێت خانمەکە پێشوەختە منداڵی ببێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-6-2025 د. بەیان ئیبراهیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، هەوای پیسبوو کێشە لە هۆرمۆنی خانمان دروست دەکات و دەشێت سووڕی مانگانەی تێکبدات، چونکە مادەی ژەهراوی تێدایە کە لەڕێگەی هەناسەدان تێکەڵ بە خوێنی خانمەکە دەکەن.
 
لەبارەی ماوەکانی دووگیانیدا د. بەیان ئیبراهیم روونی دەکاتەوە، خانمانی دووگیان لەهەر مانگێکدا بەر هەوای پیسبوو بکەون، کاریگەریی نەرێنیی مەترسیدار لەسەر کۆرپەلەکەیان دروست دەبێت بەتایبەت دوو مانگی سەرەتا.
 
کاریگەرییەکانی هەوای پیس لەسەر خانمانی دووگیان
 
-وەستانی گەشەی کۆرپەلە
- لەدایکبوونی پێشوەختە
-کەمیی کێشی کۆرپەلە
-ناڕێکیی سکماکی
- هەوکردن لە دایکەکەدا
- مردنی کۆرپەلە