خۆپاراستنەکانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان: ژەهراویبوونی خۆراک هۆکاری سەرەکیی پەتای سکچوون و رشانەوەیە
رووداو - تەندروستی
بەشێکی خۆپاراستنەکانی تەندروستی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنن، ئێستا تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکان زیاد بووە، ئاماژەش بەوە دەکەن، ساڵانە لەم وەرزەدا رێژەی تووشبووان بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-7-2025 د. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک و ناجیە حامد، بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە تەندروستیی راپەڕین بە رووداویان راگەیاند، ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنی خۆراکی پیسبوو هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونی منداڵن بە سکچوون و رشانەوە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک دەڵێت: شووشتنی دەستەکان بە باشی و خواردنی خۆراکی پاکوخاوێن رێگەی سەرەکین بۆ پێشگیریکردن لە سکچوون و رشانەوە لەم وەرزەدا.
بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە تەندروستیی راپەڕین گوتی، زۆرجار دایکان شیری زۆرماوە دەدەن بە منداڵەکانیان، کە ئەمەش هەڵەیە لەم کەشە گەرمەدا بکرێت و دەبێت هەمیشە خۆراکی فرێش بە منداڵ بدرێت.
د. دڵشاد محەممەد، سەرۆکی بەشی خۆپاراستن لە زاخۆ بە رووداوی گوت، ئەم پەتای سکچوون و رشانەوەیەی لەنێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە پێی دەڵێن، Stomach Flu کە هەوکردنی کۆئەندامی هەرسە بەهۆی ڤایرۆسەوە بە ناوەکانی Noroviruses و Rotavirus.
د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە سۆران هاوتای خۆپاراستنی زاخۆ رایگەیاند، ئەوەی لە منداڵانی تووشبوو دەستنیشان کرابێت، ڤایرۆسی رۆتا بووە، کە لە مانگی 5 تاوەکو 10 دەگاتە لووتکە، منداڵ و گەورەش دەشێت لەڕێگەی خۆراکی پیسبوو تووشی ببێت.
خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیانیش هۆشداریی تەواوی بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دا کە هەمیشە چاودێریی خۆراکەکانیان بکەن و ئاوی پاک بەکاربهێنن.
لەکۆتاییدا سەرجەم خۆپاراستنەکانی تەندروستی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، هیچ تووشبوو و گومانلێکراوێکی نەخۆشیی کۆلێرا تۆمار نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگییەکان و کەمیی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی، تیمەکانیان لە پشکنینی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو و ئاوەڕۆکان بۆ پشکنینی کۆلێرا بەردەوامن.
ئاسۆ زەنگەنە ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ رێگری لە کۆلێرا، سکچوون و رشانەوە باس دەکات؛
1- پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە.
2- دەستشووشتن پێش و پاش نانخواردن.
3- کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە.
4- بەکارنەهێنانی ئاوی بیر.
5- دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە.
6- سەوزەکان لە هەموو شوێنێک نەخورێن و بە ئاوی خاوێن ئاو بدرێن.