پسپۆڕێک: نەخۆشییەکی مەترسیداری جگەر نیشانەی نییە و رەنگە هەموو کەسێک هەیبێت

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر رایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر بۆماوەیەکی زۆر نیشانەی نییە و دەشێت کەسەکە بە پشکنینی پێشوەختە لێی دەستنیشان بکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-7-2025 د. ئاڵتوون مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و بەڕێوەبەری سەنتەری هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، چارەسەری ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری C لەڕێگەی دەنکۆڵەوە چارەسەر دەکرێت، بەڵام بۆ جۆری B لە جیهاندا چارەسەری نییە، بەڵاک دەشێت بە خۆپارێزی کۆنتڕۆڵ بکرێت لەڕێگەی کوتان.
 
 د. ئاڵتوون مەحموود ئاماژە بە گرووپە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر دەکات و دەڵێت: ''بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، ئەوانەی مانگانە پێکهاتەکانی خوێن وەردەگرن، ئەوانەی بەرکەوتنیان بە کەلوپەلی پزیشکیی پیسبوو هەیە، ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە'' پێویستە ساڵانە ڤاکسینیان لێبدرێت.
 
بەپێی مایۆکلینیک، رێگەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B بەم شێوەیەن؛
 
- وه‌رگرتنی ڤاكسین له‌كاتی خۆیدا.
- خۆپاراستن له‌ به‌كارهێنانی ده‌رزی و ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ دڵنیانین له‌ پاكوخاوێنییان.
- خۆپاراستن له‌ سێكسی نادڵنیا و دووربوون لە سێكسكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تووشبوو.
- كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تووشبوودا و له‌ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتندا رێنمایی پێویست له‌ پزیشک و كه‌سانی شاره‌زا وه‌ربگیرێت.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 1.5 ملیۆن کەس تووشدەبن کە لەو ژمارەیە 1.3ـیان گیان لەدەستدەدەن، ئێستاش لە جیهاندا 307 ملیۆن تووشبووی هەوکردنی جگەر هەن کە تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B نزیکەی 83٪ و جۆری C نزیکەی 17٪ـە.