نهێنییەکانی بەتەندروستمانەوەی خانمێکی 92 ساڵ ئاشکرا دەکرێن؛ ''وەکو کەسێکی 20 ساڵە''
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی ئیتاڵی و ئەمریکی لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر خانمێکی ئیتاڵیی 92 ساڵ ئاشکرا دەکەن کە ئێستاش خەریکی وەرزش و لەشجوانییە. ئێما ماریا مازێنگا خانمەکەیە و پسپۆڕان دەڵێن، ماسوولکەخانەکانی هاوشێوەی کەسێکی 20 ساڵە.
ئێما ماریا مازێنگا، خانمێکی ئیتاڵیی 92 ساڵە و ئێستاش لە پێشبڕکێکانی هاوتەمەنەکانی خۆیدا پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت، توێژەرانی زانکۆی پاڤییا لە ئیتاڵیا نموونەیەکی شانەیی ماسوولکەی ئێمایان پشکنیوە و بۆیان دەرکەوتووە، خانەکانی وەکو کەسێکی 20 ساڵە نەک 92 ساڵ.
پسپۆڕان ئەوەش دەردەخەن، مایتۆکۆندریاکانی نێو خانەکانی وەکو ئەوەن کە هی کەسێکی زۆر گەنجتر بن. {مایتۆکۆندریا پێکهاتەیەکی خانەیە کە وزە بۆ خانەکە بەرهەمدەهێنێت}.
پسپۆڕان لەبارەی دڵ و سییەکانییەوە دەڵێن، هاوشێوەی کەسێکی 50 ساڵن. مارتۆ کۆلۆسیۆ، توێژەرێکە و لەسەر تەندروستیی ئەو خانمە کاردەکات، دەڵێت: شێوازی ژیان و جینەکان پێکەوە کاریگەرن لە تەندروستمانەوەی ئێمای 92 ساڵ کە خانەکانی هاوشێوەی کەسێکی زۆر لە خۆی بچووکترن.
بەشێک لە شێوازی ژیانی خانمە 92 ساڵەکە
بەگوتەی ئێما مازێنگا، ئەو لە تەمەنی 19 ساڵییەوە خەریکی وەرزش و راکردنە، هەرچەندە بەهۆی خێزانەکەیەوە دابڕا، بەڵام لە 53 ساڵییەوە دەستیپێکردەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
خۆراکەکانی ئەو خانمە 92 ساڵییە ئەمانەن؛
- ستیکی مریشک
- ماسی
- هێلکەی کوڵاو
- مەعکەرۆنی یان برنج
- سەوزەکان
ئێما مازێنگا دەڵێت: هەفتانە دوو بۆ سێ جار و هەر جارێکیش نزیکەی کاژێرێک وەرزشەکانی 'راکردن، کشان و کاردیۆ' دەکات. تەنانەت رێنوێنیی خەڵکیش دەکات و دەشڵێت: ''هەرگیز رۆژێکی تەواو لە ژوورەوە بەسەر مەبە''.