د. ئازاد مستەفا: زۆرینەی رەوانەکردنەکانی نەخۆش بۆ سلێمانی، بەهۆی نەبوونی بەشی قەستەرەوە بووە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت: مانگی رابردوو 38 نەخۆش و ئەم مانگە 37 نەخۆش لە هەڵەبجەوە رەوانەی سلێمانی کراون کە ئەوانەن جەڵتەی دڵیان تووشبووە. هۆکاری ناردنەکەش باس دەکات و دەڵێت: پسپۆڕ و بەشی قەستەرەمان نییە، بۆیە تووشبووان و گومانلێکراوانی جەڵتەی دڵ دەنێرینە سلێمانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-8-2025 د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، زۆرترین رەوانەکردنی نەخۆشەکان بۆ سلێمانی، بەهۆی نەبوونی بەش و پسپۆڕی قەستەرەوەیە لە پارێزگاکە و هەر کەسێک گومانی جەڵتەی دڵ یاخود تووشبووی جەڵتەی دڵ بێت، بە ئەمبوڵانس دەیاننێرینە سلێمانی.
بەڵام د. ئازاد مستەفا دەڵێت: ئاستەنگی زۆر هەن لە ناردنی نەخۆش، ئەویش بەهۆی نەبوون و کۆنیی ئەمبوڵانسەکانەوە. ئەمڕۆش دوو ئەمبوڵانس بۆ تەندروستیی هەڵەبجە دابینکران کە دانەیەکیان خۆبەخشی بووە.
حاجی عابد هەورامی، خێرخوازێکە و یەکێک لە ئەمبوڵانسەکانی وەکو دیاری داوە بە تەندروستیی هەڵەبجە، ئەوەی دیکەش بەگوتەی د. ئازاد: لە 2023ـەوە داواکراوە بۆ تەندروستیی پارێزگاکە، ئێستا بە بڕی 98 ملیۆن و 150 هەزار دینار دابینکرا.
ئەوەش باس دەکات، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندیی داوە لە کڕینی پێنج ئەمبوڵانسی نوێ بۆ هەڵەبجە، بەڵام دەبێت وەزارەتی دارایی رەزامەند بێت.