توێژەرانی ژاپۆن تەکنیکێک بۆ رێگری لە وەچەخستنەوەی داون سیندرەم دەدۆزنەوە
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆیەکی ژاپۆنی بە فەرمی رێگەچارەیەک بۆ رێگریکردن لە تووشبوونی منداڵ بە کۆنیشانەی داون پێشنیاز دەکەن و بە تەکنیکی دەستکاریکردنی جینەکانی کۆرپەلە لەنێو سکی دایکیدا، ئەوە دەکەن.
توێژەرانی زانکۆی می لە ژاپۆن رایدەگەیێنن، بە تەکنیکی CRISPR-Cas9 ئەو کڕۆمۆسۆمەی دەبێتە دووان و منداڵی داونی لێبەرهەمدێت، چاک دەکەنەوە و پێکهاتەکەی ئاسایی دەکەنەوە.
داون سیندرەم ئەو حاڵەتەیە کە کڕۆمۆسۆمی 21 کۆپییەکی زیادی لێبەرهەمدێت، بەمەش منداڵەکە چەندین سیفەت لە رووکەش و ناوەوەی جەستەی جیاواز دەبێت.
د. ریۆتارۆ هاشیزومی، توێژەر لە زانکۆکە دەڵێت: تەکنیکی دەستکاریکردنی جینەکان کە ناسراوە بە CRISPR دەتوانێت ئەو کۆپییە زیادەیەی کڕۆمۆسۆمی 21 لاببات کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی داون.
ئەو دەڵێت: تەکنیکەکە بە بەکارهێنانی ئەنزیمێکی تایبەت کاردەکات کە زنجیرە خانەکانی DNA دەکاتە ئامانج و دەیانبڕێت، هەر بۆیە پسپۆڕان ئەنزیمێکی تایبەتیان دروستکردووە بۆ بڕینی ئەو بەشەی DNA کە زیادەیە لەسەر کڕۆمۆسۆمی 21ی کۆرپەلە. بەو بڕینەش ئیدی کڕۆمۆسۆمەکە ئاسایی دەبێتەوە و منداڵێکی ساخ و تەندروست دروستدەبێت.
توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر خانەکانی پێستی منداڵانی داون کردووە، بۆ ئەوەی ئەنزیمی چالاککەر بۆ لێکردنەوەی کڕۆمۆسۆمی زیادەی سەر کڕۆمۆسۆمی 21ـی نێو خانەکان لاببات.
ئێستا ئەوەی توێژەرانی نیگەران کردووە ئەوەیە کە تەکنیکەکە لەکاتی بڕینی ئەو کڕۆمۆسۆمە زیادەیە ورد نییە و پێویستە وردیی زیاتر بە شێوازی بڕینەکە بدرێت بۆ ئەوەی کار لە کڕۆمۆسۆمەکانی دیکە نەکات و تەنیا بەشی دیاریکراو لە کڕۆمۆسۆمی مەبەست بکاتە ئامانج.
ئامارەکانی کەسانی داون سیندرەم
نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، ساڵانە لە هەزار منداڵ، یەکێکیان منداڵی داونە، واتە نزیکەی هەر ساڵێک سێ بۆ پێنج هەزار منداڵی تووشبووی کۆنیشانەی داون لەدایکدەبن. ئێرلەنداش زۆرترین منداڵی داون سیندرەمی تێدایە.
داون سیندرەم (کۆنیشانی داون) چییە؟
کۆنیشانەی داون ناڕێکییەکی جێنەتیکییە و منداڵ بە کڕۆمۆسۆمێکی زیادەوە لەدایکدەبێت، واتە لەبری ئەوەی 46 کڕۆمۆسۆمی هەبێت، 47 کڕۆمۆسۆمی هەیە.
کۆنیشانەی داون گۆڕانکاریی فیسیۆلۆژی، جەستەیی، هزری و جووڵەیی لە منداڵەکەدا دروستدەکات، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکیان کەسانی بلیمەت و داهێنەریان لێدەردەچێت و ئەگەر بە ئاستێکی بەرز لێهاتوویی فێربوون و راهێنانیان پێبکرێت.
بە گوێرەی دامەزراوەی پسپۆڕانی تیشک لە ئەمریکا، پشکنینی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی منداڵی داون لەماوەی دووگیانیدا و لە سێ مانگی یەکەم و دووەمدا دەکرێت.