ئاڤا وایتڵی کچێکی 13 ساڵە و دوای 22 مانگ بە دڵ و گورچیلەیەکی نوێ گەڕایەوە ماڵەوە

رووداو - تەندروستی

ئاڤا وایتڵی کچێکی تەمەن 13 ساڵە لە ئەمریکا دەژی، دوای بەسەربردنی 22 مانگ لە نەخۆشخانە، دواجار بە دڵ و گورچیلەیەکی نوێی چێندراوەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
 
ئاڤا وایتڵی، خەڵکی ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکایە، هەر لە لەدایکبوونەوە بە حاڵەتێکی دەگمەنی دڵ بەناوی سستبوونی ماسوولکەکانی بەشی چەپی دڵ لەدایکبووە کە بە باشی گەشەی نەکردبوو. بەهۆی ئەم حاڵەتەوە، لە 90 خولەکی یەکەمی ژیانیدا، یەکەم نەشتەرگەریی کردنەوەی سینگی بۆ کراوە و تاوەکو تەمەنی 5 ساڵانیش، دوو نەشتەرگەریی دیکەی بۆ ئەنجامدراوە.
 
لە ساڵی 2023، دۆخی تەندروستیی ئاڤا خراپتر دەبێت و پزیشکەکان بڕیاریاندا کە تاکە چارەسەر بۆی چاندنی دڵە، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، لە مانگی شوباتی 2024دا دڵێکی گونجاوی بۆ دۆزرایەوە و نەشتەرگەریی چاندنی دڵی بۆ کرا. بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی نەشتەرگەرییەکەوە، گورچیلەکانی لەکارکەوتن و ناچاربوون پاش ماوەیەکی کورت نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەشی بۆ بکەن.
 
کریستینا دیشۆ، دایکی ئاڤایە و دەڵێت " ئەوان زۆر سوپاسگوزاری ئەو خێزانە بەخشەرەن کە لەوپەڕی خەمباریی خۆیاندا، ژیانیان بە کچەکەی بەخشی."
 
سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، ئاڤا هێشتا پێویستی بە چاودێریی بەردەوامی 24 کاژێری هەیە، ئامێری هەناسەدانی پێوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە هیواوە سەیری داهاتوو دەکات.