بۆچی هەندێک لە گەوران هاوشێوەی منداڵییان لە کردە پزیشکییەکانی ددان دەترسن؟

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە دەریدەخات، ئەزموونە تاڵەکانی سەردەمی منداڵی دەکرێت رەنگدانەوە لەسەر تەواوی کەسایەتیی کەسی بکات، یەکێک لەوانەش ئەزموونی تاڵە لەگەڵ پزیشکی ددان.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی نەرویژیی زانکۆی ترۆنهایم لەسەر زیاتر لە 5 هەزار و 800 مێردمنداڵ لەنێوان 13 بۆ 17 ساڵان کرا و دەرکەوت، ئەوانەی لە تەمەنە بچووکەکانیاندا دووچاری کردەیەکی جوانکاری یاخود کێشەیەکی دەم و ددان بوون و ئازاری زۆریان هەبووە لەکاتی ددان دەرهێنان و ددان پڕکردنەوە.
 
پسپۆڕان ئەوەشیان باس کردووە، ترسی مێردمنداڵی لە پزیشکی ددان لەنێو كچاندا زۆر زیاترە بەراورد بە کوڕان.
 
لینا میران، دەروونناس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: زۆرێک لەو کەسانەی بە گەورەیی ترسیان لە شتێک هەیە، مانای وایە بە منداڵی لێی ترساون و بە ترسەوە رووبەڕووی بوونەوەتەوە، بۆیە بووەتە مۆتەکەیەک.
 
هەر بۆیە ئەو دەروونناسە رێنوێنی پزیشکان و دایبابان دەکات، ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵەکانیان بگونجێنن کاتێک کردەیەکی پزیشکیی ددانیان بۆ دەکرێت، تاوەکو کەمتر بترسن.