بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک کرایەوە
رووداو - تەندروستی
بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، گەورەترین بەشی فریاکەوتنە لە شارەکەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-9-2025 د. بەڵێن عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی بە رووداوی رایگەیاند، بەشەکە لە 22 تەختی نەخۆش پێک هاتووە و ژمارەیەک ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی نوێی بۆ دابین کراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی گوتیشی: "پێشتر ئەگەر رووداوێکی گەورە روویبدایە شوێنمان نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە بە نۆژەنکردنەوەی بەشەکە ئەو کێشەیەمان نەماوە و چیتر پێویست ناکات هاووڵاتییان بنێرینە شارەکانی دیکە."
د. بەڵێن عومەر داوای لە هاووڵاتییان کرد پارێزگاری لە کەلوپەل و پاک و خاوێنیی نەخۆشخانەکە بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی داهاتوو دەست دەکەن بە نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە.