کلینیکاست؛ زۆرجار گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ گەشکە دروستدەکەن
رووداو - تەندروستی
لەنێو پۆدکاستی ئەمجارەی کلینیکاست، باسی گەشکە و لێکەوتەکانی دەکرێن و پسپۆڕێکی مێشک و دەمار ئاشکرای دەکات، لە توێژینەوەیەکی نێوخۆییدا بۆیان دەرکەوتووە، ''لە هەرێمی کوردستان لەکۆی هەزار کەس، 9 بۆ 10 کەس گەشکەیان هەبووە، بەڵام رێژەی فێ کەمتر بووە بەراورد بە گەشکە''.
د. ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار جەختی لەوە، بەبێ راوێژی پزیشک یاخود لەخۆڕا دەرمانی گەشکە رانەگیرێت، چونکە گەشکە کێشەیەک نییە بۆ ماوەیەکی کاتی دەرمانی بۆ بخورێت و چارەسەر ببێت.
د. ئازاد حەسەن باسی هۆکارەکانی گەشکە دەکات وەکو؛
- هەوکردنی پەردەی مێشک
- کەمیی ڤیتامینەکان
- زەبربەرکەوتن بە مێشک
- زەردوویی
- گرێی مێشک
- جەڵتە
ئاماژەشی بەوە کرد، گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە کەسێک لەگەڵ گەشکەدا (فێ)شی تووشببێت، زۆرجاریش ناڕێکیی باری دەروونی گەشەک دروستدەکات کە فێی لەگەڵدا نییە.
هەر لەنێو پۆدکاستەکە باوک و کچێک بە ناوی (خەسرەو) و (سارای کچی) ئامادەن، باوکی دەڵێت: کچەکەم بە بچووکی کێشە نەبوو، لە نۆ ساڵییەوە گەشکەکەی تووشبوو، شێخ و مەلاشمان پێکرد، هەر چارەسەری نەبوو، بەڵام کە سەردانی د. ئازادمان کرد دەرکەوت کە کێشەیە چییە و ئێستا چارەسەر بووە.
فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کەسێک کە گەشکەیەتی چۆنە؟
د. هونەر رێبوار، پێشکێشکاری پۆدکاستی کلینیکاست و پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بەم شێوەیە چۆنیەتیی فریاگوزارییەکە رووندەکاتەوە؛
- دەبێت سەرەتا دڵنیابین لە سەلامەتیی شوێنی تووشبووەکە نەک رزگارکەر تووشی کێشەیەک ببێت.
- شتێکی نەرم بخرێتە ژێر سەری نەخۆشەکە.
- بۆینباخ، قەمیس و جلوبەرگی تەسک لەبەر تووشبوو دابکەنە، نەک بخنکێت.
- تووشبووەکە بخرێتە سەر تەنیشتی لای چەپی.
- ئەگەر گەشکە زۆری خایاند و کەسەکە بەهۆش نەهاتەوە، پەیوەندی بکرێت بە 122 بۆ ئەوەی نەخۆشەکە بگوازنەوە.
- نابێت هیچ شتێک بخرێتە نێو دەمی تووشبووەکە.
- نابێت کەسەکە ببەسترێتەوە یاخود بگیرێت، تەنیا دەبێت بە ئارامی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت تاوەکو جووڵەی گەشکەکەی کەمتر دەبێتەوە و نامێنێت.