هۆشداری لەبارەی ئازارشکێنێکی قورس دەدرێت؛ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک دەریدەخات، ئازارشکێنی ترامادۆل کاریگەریی کەمە بەرامبەر بە ئازارە کەم و مامناوەندەکان و زۆربەکارهێنانی کاریگەریی لاوەکیی مەترسیداریش دروستدەکات.
 
لەنێو توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی 19 تاقیکردنەوە پێشوویان هەڵسەنگاندووە کە شەش هەزار و 506 خۆبەخش دەگرێتەوە، توێژەران دەڵێن، زیانەکانی ترامادۆڵ لە سوودەکانی زیاترن، بەو پێیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەپێی رەچەتەی پزیشک و راوێژی پزیشک دەنووسرێت و دەرمانخانەکان بەبێ رەچەتە بە نەخۆشی نادەن.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری BMJ Evidence-Based Medicine بڵاو کراوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی 2 بۆ 16 هەفتە دەرمانەکەیان وەرگرتووە، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەکانی سییەکان و دڵ زیادبووە.
 
تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، ترامادۆڵ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، هەر بۆیە دەزگای خۆراک و دەرمان پێشنیاز دەکات، هەمیشە بە راوێژی پزیشک ئازارشکێنەکان بەکاربێن و نابێت راستەوخۆ بۆ ئازاری مامناوەند پەنا بۆ ئازارشکێنی تووند ببەن.