فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا دەکات
روووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکان و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنیان لەسەر ئاستی جیهان، لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆت ئامادەکاری دەکرێت بۆئەوەی ڤاکسین بە سەلامەت بگاتە شوێنی مەبەست و ژیانی ملیۆنان کەس رزگاربکات.
فرانکفۆرت ئەو شارەیە کە بە ناوەندی دابەشکردنی دەرمان لە ئەوروپا هەژماردەکرێت و بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە لە قۆناخی ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی هەموو مەرجەکانی پاراستن و هەڵگرتن و گواستنەوەی ڤاکسینەکە جێبەجێبکەن.
راگرتنی ڤاکسینەکە لە پلەی گەرمی 70 پلەی سیلیزی ژێر سفر ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە تاوەکو ئێستا فڕۆکەخانەکان رووبەرووی پرسێکی وا هەستیار نەبوونەتەوە. لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت کۆگای گەورەی ساردکەرەوە بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون.
کارین کرێستان، بەڕێوەبەری بەڕێکردنی کارەکانی کارگۆی لوفتهانزا دەڵێت: "کۆنتەینەرەکان توانای گەرمکردنەوەو ساردکردنەوەیان هەیە و دەتوانن پلەی گەرما جێگیربکەن. ئەمەش گرنگە بۆ ڤاکسینی کۆڤید-19".
لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە کارگۆی فڕۆکەخانەی فرانکفۆت بە زۆری سەرقاڵی گواستنەوەی دەرمان و ماسک و دەستەوانە و ئامێرەکانی دیکەی پزیشکی بووە، بەڵام ئێستا دابەشکردنی ڤاکسینەکان بە گەورەترین و هەستیارترین ئەرکی فرۆکەخانەکە هەژماردەکرێت.
چەند کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی فڕۆکەکان، کۆگایەکی ساردکەرەوە دابینکراوە کە توانای کۆگاکردنی 120 تۆن ڤاکسینی لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا هەیە.
ماکس فلیپ، بەرپرس لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت دەڵێت: "ئاڵنگاری گەورە لەبەردەممانە بە جۆرێک تاوەکو ئێستا شتی وامان نەبووە. لەبەر ئەوەش پێویستمان بە ئامادەکاری تەواو هەیە. بەوردی بە هەموو قۆناخەکاندا چووینەتەوە و هەنگاو بە هەنگاو کارەکانمان تاوتوێکردوون. بۆ هەموو پرۆسەکان، ئەگەر پلان ئەی کاری نەکرد، پلان بی ئامادەیە. ئەمە هەمووی لەپێناوی گواستنەوەی سەلامەتی ڤاکسینەکە دەکرێت."
فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت وەبەرهێنانی لە جۆرە رۆبۆتێک کردووە، کە توانای گواستنەوەی ڤاکسینی هەیە لە پلەی زۆر نزمدا لە کۆگاوە بۆ شوێنی بارکردنیان لەنێو فڕۆکەکان.
جۆرەکانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا جیاوازن. ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئاسترازێنێکا دەکرێت لە پلەی گەرمی ئاسایی بگوازرێتەوە، بەڵام ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک دەبێت لە پلەی گەرمای 70 پلەی ژێر سفر رابگیرێت و بگوازرێتەوە.