لە پیڕۆ دووانەیەکی بەیەکەوەنووساو بە 16 کارمەند و پزیشک لێک جیاکرانەوە
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی پیڕۆ دووانەیەکی بەیەکەوەنووساو لێک جیاکرانەوە، نەخۆشخانەکەش ئاهەنگێکی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەی گێرا و ناوی نا ''پەرجووی کریسمس''.
بەپێی نەخۆشخانەی سان بۆرجا لە پیڕۆ، دووانەکە کچن و تەمەنیان کەمترە لە شەش مانگ. 16 پزیشک و کارمەند بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاژێر خەریکی نەشتەرگەریی لێک جیاکردنەوەی دووانەکە بوون.
مێنیلۆ پالاشس، باوکی دووانەکە دەڵێت: گریانین و خەمبار بووین کە بە بەیەکەوەنووساوی لەدایکبوون، بەڵام ئێستا دڵخۆشین و ئەمەش ئامانجمان بووە.
زولیما تۆماس، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی سان بۆرجا لە پیڕۆ دەڵێت: ئەو دووانەیە زۆر بە ئاڵۆزی بەیەکەوە لکابوون، تەنانەت دڕکەپەتک و بڕبڕەی پشتیشیان بەیەکدا نووسابوو. نەشتەرگەریی لێکجیاکردنەوەیان سێ کاژێری خایاند و ئێستا هەردووکیان تەندروستن، بەڵام لەژێر چاودێریدان.