بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ لەیزەری موولابردن لەکاتی دووگیانی سەلامەتە بەڵام نەکرێت باشترە

رووداو - تەندروستی 

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکە، پزیشکێک لەیزەر بۆ کچێک دەکات، هەروەها پسپۆڕێکی پێست و جوانکاری سوود و زیانەکانی لەیزەری موو لابردن دەخاتەڕوو و دەڵێت: لەیزەر بۆ خانمانی دووگیان ئاساییە، بەڵام وا باشترە نەکرێت. 
 
پسپۆڕێکی پێست و جوانکاری روونیدەکاتەوە، لەیزەری CO2 یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان بۆ لابردنی شوێنەواری زیپکە، پەڵەی پێست و بالووکە، هەروەها دەڵێت: بۆ ئەوەی پێست تووشی سووتان نەبێت، دەبێت بە دروستیی و لەلایەن کەسی پسپۆڕەوە بەکاربهێندرێت.
 
دکتۆر سەنگەر جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، لەیزەری موولابردن رەگی مووەکان لاوازدەکات و کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر مووەکان دەبێت، بەڵام زیان بە پێستی دەوری مووەکان ناگەیەنێت.
 
پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، پێش بەکارهێنانی لەیزەری موولابردن پێویستە مووەکان بتاشرێن نەوەکو بە مووکێش و شیلە هەڵبکەندرێن، هەروەها ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، لەیزەری CO2 نابێتەهۆی نەزۆکی و جگە لە لابردنی پەڵەی زیپکە و درەوشانەوەی پێست، بۆ لابردنی چرچولۆچیی رووخساریش بە تایبەت لە بەساڵاچووان بەکاردەهێندرێت.
 
بەگوتەی دکتۆر سەنگەر جەلال، دەبێت پێش بەکارهێنانی لەیزەری CO2 کرێمی سڕکەر بەکاربێت، چارەخوار لەکاتی لەیزەرەکە هەست بە گەرمییەک دەکات، هەروەها دکتۆر سەنگەر دەڵێت: سووربوونەوە و ئەستووربوونی کاتیی پێست دوای لەیزەر ئاساییە و نیشانەی کاریگەریی لەیزەرەکەن.
 
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا ستۆدیۆ هاوشێوەی کەبابخانەیەکی سەرشەقامی لێکراوە، دکتۆر ئاراس باسی خۆراکە برژاوەکان دەکات و پسپۆڕێکی تەکنەلۆژیای گۆشت دەڵێت: ئەو کەسانەی تەندروستن دەتوانن باڵ بخۆن، بەڵام ئەو هۆرمۆنەی لە باڵی مریشک دەدرێت زیان بە کۆرپەلەی خانمانی دووگیان دەگەیەنێت بەتایبەت ئەو کۆرپانەی کوڕن، چونکە دەبێتەهۆی ناڕێکیی کۆئەندامی زاوزێیان.
 
لەبارەی خواردنی جگەری ئاژەڵ دکتۆر رەنجبەر شوان، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای گۆشت رایدەگەیێنێت، هەموو کەسێکی تەندروست دەتوانێت جگەر بخوات بەتایبەت ئەوانەی کێشەی کەمخوێنیان هەیە، بە گوتەی پسپۆڕەکە، جگەر بۆ خانمانی دووگیان کێشە دروستدەکات و دەڵێت: ئەو خانمانەی فۆلیک ئەسید بەکاردەهێنن باشترە کەمتر بایەخ بە خواردنی جگەر بدەن، چونکەی رێژەی ئاسنیان زۆر بەرزدەبێتەوە. 
 
پسپۆڕەکەی تەکنۆلۆژیای گۆشت دەڵێت: دڵی برژاو پڕۆتینی زیاتر و چەوریی کەمتری تێدایە، هەروەها لەبارەی خواردنی مەمک و گونی ئاژەڵیش هۆشداریی دەدات، ئەگەر بە خراپی هەڵبگیرێن ئەوا هۆکارێک دەبن بۆ ژەهراویبوون بە خۆراک.
 
دکتۆر رەنجبەر شوان روونیدەکاتەوە، مەمکی ئاژەڵ تەنیا لە شوێنێک بخورێت کە کەسەکە ناسراوبێت، چونکە ئەگەر کۆنبێت مەترسیی دروستدەکات و کەسەکە تووشی ژەهراویبوونی توونددەکات، چونکە مەمکی ئاژەڵ زۆر تووشی هەوکردن و بە گرێبوون دەبێت.
 
لە کۆتاییدا بەشداربووان کۆمەڵێک پرسیاریان لە دکتۆر ئاراس و پسپۆڕەکان کرد، بەشداربوویێکی بەرنامەکە لە دهۆکەوە هاتووە و لە دکتۆر سەنگەر دەپرسێت، ''ئایا لەیزەر هۆکارە بۆ شێرپەنجە''، پسپۆڕەکەی پێست لە وەڵامدا دەڵێت: بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەیزەری موولابردن نابێتەهۆی شێرپەنجە، بەڵام کاتێک بە ناشارەزایی بەکاردەهێندرێت، ئەوا پێست دەسوتێنێت بەمەش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.