لە ئەمریکا کار لەسەر دەرمانێک بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە دەکرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕانی زانکۆی باشووری رۆژئاوای تێکساس میکانیزمێکی نوێیان دۆزیوەتەوە کە رێگری لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە دەکات.
 
تیمێکی ئەو زانکۆیە کاریان لەسەر دەرمانێک کردووە کە رێگری لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکانی پەنکریاس و مەمک دەکات کە ئەگەری گواستنەوەیان بە تەواوی جەستەدا زۆرە.
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، هەر تووشبوویەکی شێرپەنجە، نەخۆشییەکە بە جەستەیدا بگوازرێتەوە ئەوا رێژەی مانەوەی لە ژیاندا 12٪ کەمدەبێتەوە.
 
د. رۆلف برێکن، پسپۆڕی دەرمان لە زانکۆکە دەڵێت، دەرمانەکە لە بواری تیۆریدایە و بەپێی شیکارییەکان بە رێژەیەکی زۆر دەتواندرێت بەهۆیەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بکرێت.