مەترسیی بڵاوبوونەوەی 'ڤایرۆسێکی کوشندە' لە هیندستانەوە بۆ جیهان هەیە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان دوو تووشبووی ڤایرۆسی نیپای راگەیاندووە و نزیکەی 200 بەرکەوتەشی لە کەرەنتینە داناوە، لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا و فڕۆکەخانەکانیش پشکنینەکان بۆ ئەوانەی لە هیندستانەوە گەشت دەکەن تووند کراون.
 
تائێستا حکومەتی هیندستان دوو تووشبووی ڤایرۆسی نیپای پشتڕاست کردووەتەوە، هەرچەندە لە میدیاکای وڵاتەکە ئاماژە بە پێنج تووشبوو و زیاتریش دەکەن. هاوکات حکومەتی هیندستانیش ئەوە دەڵێت کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
 
هەرچەندە تائێستا هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسەکە لە دەرەوەی هیندستان تۆمار نەکراوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەکانی (چین، تایلەند، مالیزیا، میانمار، ڤێتنام،  ئیندۆنیزیا) رێکاری تووند گیراونەتەبەر
 
چین خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە
 
لە چین هەنگاوی جیدی گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بگرن و هەرچەندە تائێستا ناوەندی CDC لە چین رایگەیاندووە، هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی نیپا لە وڵاتەکە تۆمارنەکراوە، 
 
وانگ خینیو، جێگری بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی زانکۆی فودان لە چین دەڵێت: "بەرکەوتنی رۆژانەی رۆتینی بە شێوەیەکی گشتی نابێتە هۆی گواستنەوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە سنووردارە. بەڵام مەترسییەکە ئەو کاتە بەرز دەبێتەوە کە بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوودا هەبێت''.
 
ئەو دەشڵێت، رەنگە بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسە نەخۆشەکە بکەوێتە کۆماوە و بە درێژایی ژیانیشی دووچاری لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە ببێتەوە.
 
لە میانمار هۆشداری دەدرێتە ئەوانەی گەشت دەکەن
 
وەزارەتی تەندروستیی میانمار هۆشداری داوە کە خەڵک گەشتی ناپێویست بۆ هیندستان نەکەن و دوای هاتنەوەی گەشتیاران لە هیندستانەوە ئەگەر لەماوەی 14 رۆژدا نیشانەکانیان لێدەرکەوت، دەستبەجێ بچنە بنکە تەندروستییەکان.
 
میانمار پشکنینی پێوانەی پلەی گەرمی و بڵاوکردنەوەی نامیلکەی هۆشیاری لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەی جێبەجێ کردووە.
 
هەموو شتێک لەبارەی ڤایرۆسی نیپا بزانە
 
نیپا ڤایرۆسێکی مرۆژەڵییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، یەکەمجار لە مالیزیا دەستنیشان کرا و لە شەمشەمەکوێرە، بەراز و باڵندەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، تائێستاش هیچ ڤاکسینێک دژی دروستنەکراوە. بەپێی WHO، رێژەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە 40٪ بۆ 70٪ـە کە زۆر کوشندەترە لە کۆرۆنا.
 
لێکەوت و نیشانەکانی ڤایرۆسی نیپا
 
- تای بەرز
- هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە
- هەوکردنی مێشک
- رشانەوە
- ئازاری ماسوولکەکان
-  سەرئێشە
- فێ
- کۆما
- هەناسەتەنگی
 
رێگەکانی گواستنەوە
 
- بەرکەوتن بە (لیک و میز)ـی ئاژەڵەکان یاخود تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ خۆراکی مرۆڤ.
- بەرکەوتن لەگەڵ پژمە و کۆکەی کەسی تووشبوو.
- بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی تووشبوو.
 
رێگەکانی خۆپاراستن
 
- دەستشووشتنی بەردەوام.
- نەخواردنی ئەو خۆراکانەی کە شوێنی گەستنی ئاژەڵیان پێوە دیارە.
- دوورکەوتنەوە لەو ناوچانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە.
- دوورکەوتنەوە لەو ناوچانەی بەراز و شەمشەمەکوێرەی تێدایە.
- بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو.