پزیشکێکی وەرزشی 63 ساڵە و دەڵێت، ''پەلە مەکەن لە بەهێزکردنی ماسوولکەکانتان''
رووداو - تەندروستی
د. هاورد لەکس، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان و پسپۆڕی وردی پزیشکیی وەرزشی لە ئەمریکا. تەمەنی 63 ساڵە و یەکێکە لەو کەسانەی لە سۆشیاڵ میدیاکان وەرزشەکانی رۆژانە دادەنێت.
د. هاورد لەکس هەمیشە هانی هەوادارەکانی دەدات کە وەرزش بکەن و بایەخ بە خۆراکی تەندروست بدەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی جەستەیەکی تەندروست و تەمەنێکی درێژیان هەبێت.
ئەو دەڵێت، مرۆڤەکان زۆر پەلە دەکەن بۆ ئەوەی جەستەیەکی رێک و ماسوولکەیەکی بەهێزیان هەبێت، دەیانەوێت لەبری ساڵێک بە مانگ و نیوێک هەموو جەستەیان بگۆڕێت، بەڵام نازانن ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە.
هەر بۆیە بە تووندی جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەو ماسوولکەیەی لەماوەی ساڵێکدا بەهێز دەکرێت، زۆر بەنرخترە لەوەی لەماوەی شەش مانگدا بە خێرایی بەهێز دەکرێت''.
لە دواین پۆستیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چەند رێنوێنییەک بە وەرزشڤانان دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە، ئارامیان هەبێت و پەلە نەکەن لە گەشەکردنی جەستەیان. ئەمەش رێنوێنییەکانی؛
- زۆربەی پێکانەکان هەڵەی زیادکردنی لەناکاوی قورسایین ئەمەش پشتگوێخستنی پلە بە پلەی بەرزکردنەوەی قورساییەکانە بە ماوەی درێژ.
- راهێنانە کاردیۆکان زیاد بکە بەتایبەت پایسکیلسواری، خلیسکێنەی سەر بەفر، پەت پەتێن، بەپێ رۆیشتن، راکردن و مەلەکردن.
- پێویستە وەرزشەکانی خۆگەرمکردن 10 بۆ 15 خولەک بخایەنن نەک 5 خولەک.
- نەتوانین لە بەرزکردنەوەی قورسایی شکست نییە، بەڵکو ئەوە شکستە کە کێشێکی زۆر هەڵبگریت و تووشی پێکان بیت.
- هەر کاتێک واز لە وەرزش دەهێنیت، جەستە وردە وردە بچووک دەبێتەوە و جومگەکان هێزیان لەدەست دەدەن و ماسوولکەکانیش رەق دەبن، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بڵێیت، 'ئەمڕۆ پشوو دەدەم' یان 'چیدیکە ناتوانم بەردەوام بم'.
- ئەو رێگەیە هەڵبژێرە کە بەهێزت دەکات و بنیاتد دەنێت، نەک ئەو شتەی بچووکت دەکاتەوە و جەستەت تێکدەدات.