پسپۆڕێکی خانمان لە قامشلۆ: دۆخی تەندروستیی خانمان لە رۆژئاوای کوردستان باش نییە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، خانمان لە رۆژئاوای کوردستان لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە لە دۆخێکی خراپدان و ترس لەنێویاندا بڵاوبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-1-2026 د. شۆڕش عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، باوترین ئەو نەخۆشییانەی لەنێو خانماندا بڵاوبوونەتەوە بریتین لە نەخۆشییەکانی کاتی منداڵبوون، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێ و کەمخوێنی، هەروەها دەکات کە دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی لەنێو ژناندا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی ترسی پەیوەست بە کۆچبەری و تیرۆر.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی خانمان و منداڵبوونە، رەوشی خانمانی دووگیان زۆر سەخت بووە و هەرچەندە دەرمان هەیە، بەڵام بڕەکەی کەمە.
 
د. شۆڕش عوسمان، سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ناردنی هاوکاری، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا پێویستییان بە دەرمان و ئامێری پزیشکیی زیاتر هەیە.