لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤەوە تاوەکو ئێستا چەند کەس بەهۆی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە؟
رووداو - تەندروستی
چەند راپۆرتێکی هەردوو سەرچاوەی جیهانیی نووسینگەی سەرچاوەی دانیشتووانی نێودەوڵەتی PRB و پەیمانگەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ توێژینەوە دیمۆگرافیییەکان INED دەریدەخەن، لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤەوە تاوەکو ئێستا 117 ملیار کەس لەدایکبوون و لە سەدەی 20ـیشدا زۆرترین کەس کوژراون.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کامبریج، لە سەدەی 20دا زۆرترین مرۆڤ کوژراون و بوونەتە قوربانیی جەنگەکان، بەجۆرێک 22 هێندەی چوار هەزار و 900 ساڵەکەی پێش خۆی خەڵکی تێدا کوژراوە.
راپۆرت و توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن، لە پێنج هەزار ساڵی رابردوودا 75٪ـی زیانە گیانییەکانی جەنگ لە سەدەی 20 و 21دا بوون.
هەروەها لە ساڵی 1500ـی زاینی تاوەکو 2026 زیاتر لە 717 ملیۆن کەس بەهۆی جەنگەکان و لێکەوتەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە کە پێکدێن لە (کوژران، لەبرسامردن، بەدخۆراکبوون، پاکتاوکردنی رەگەزی و نەخۆشیی کاتی جەنگ).
یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی برسێتی بەتایبەت کاتی جەنگ، بەدخۆراکییە و ئەمانەش کاریگەرییەکانیەتی لەسەر جەستە؛
* لاوازبوونی بەرگریی جەستە
* کەمیی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان
* قڵیشانی پێست
* درەنگچاکبوونەوەی برین
* کەمخوێنی
* ناڕێکیی کۆئەندامی هەرس
* وشکبوونەوەی جەستە
* تووشبوون بە هەوکردنەکان
* لاوازیی ئێسکەکان