پزیشکێکی ڤێتێرنەری: زۆر لە ناوچەکان پێویستیان بە پزیشکی ڤێتێرنەرییە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە رۆژی جیهانیی پزیشکیی ڤێتێرنەری دەڵێت، خواست لەسەر خوێندنی پزیشکیی ڤێتێرنەری زیاد بووە و بایەخدان بە پسپۆڕییەکە لە گەشەسەندندایە.
رۆژی 29-4-2023 رۆژی جیهانی پزیشکیی ڤێتێرنەرییە و لۆنا خالید، پزیشکی ڤێتێرنەری لە بووڵتەنی نوورۆژدا گوتی، پزیشکی ڤێتێرنەری پسپۆڕی لە چارەسەرکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان هەیە و رۆڵی سەرەکی لە پاراستنی ئاژەڵ و کواڵیتیی بەروبوومەکانیان هەیە.
لەبارەی هۆکاری دیاریکردنی دوایین شەممەی مانگی نیسان بۆ رۆژی جیهانیی پزیشکیی ڤێتێرنەری، لۆنا خالید دەڵێت، لەم رۆژەدا یەکەمین کۆنگرەی ڤێتێرنەری کراوە و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ڤێتێرنەریش کراوەتەوە.
لۆنا خالید رایدەگەیێنێت، خواست لەسەر خوێندنی پزیشکی ڤێتێرنەری لای هاونیشتمانییان زیادبووە و ئێستا زۆرێک لە ناوچەکان پێویستیان بە پزیشکی ڤێتێرنەرییە.
پزیشکەکەی ڤێتێرنەری ئەوەشی باسکرد کە ڤێتێرنەری رۆڵی گرنگی لە سەلامەتیی خۆراکدا هەیە، بەجۆرێک سەرجەم بەروبوومەکانی ئاژەڵان لەلایەن پزیشکانی ڤێتێرنەرییەوە چاودێریی سەلامەتی و گونجاویان بۆ خواردن دەکرێت بەتایبەت جۆرە جیاوازەکانی گۆشت.
بە گوتەی دکتۆر لۆنا، ئاشنابوونی زۆر لەنێوان بەخێوکەرانی ئاژەڵەکان و پزیشکانی ڤێتێرنەری دروستبووە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە، هەروەها دەشڵێت: تەنیا پزیشکی ڤێتێرنەری دەتوانێت چارەسەری گونجاو بە ئاژەڵەکان بدات و لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان تەندروستییان بپارێزێت.
لەبارەی ئاژەڵە بێلانەکان دکتۆر لۆنا گوتی، ''رێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستن و مامەڵەکردنی تەندروست لەگەڵ ئەو ئاژەڵانە''، هەروەها ئەوەش باسدەکات کە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئاژەڵە بێلانەکان زیانی زیاتر بە کۆمەڵگە دەگات بەتایبەت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکاندا بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت و کۆنتڕۆڵبکرێن.
بو گوێرەی ئامارە نوێیەکانی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر 378 پزیشک، لە پارێزگای سلێمانی 1087 پزیشک و لە پارێزگای دهۆکیش 629 پزیشکی ڤێتێرنەری هەن؛ هەروەها ساڵانە لە هەر پارێزگایەک نزیکەی 60 خوێندکاری پزیشکیی ڤێتێرنەری بڕوانامەی پزیشکیی وەردەگرن و بە شێوازی جیاواز لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن.