توێژینەوەیەک: بەرزەپەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی هاوبەش لەنێوان توێژەرانی چین و ئەمریکا دەریدەخات، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی نەیچەر بڵاوبووەتەوە و لەسەر 34 هەزار کەس کراوە، دەرکەوت؛ ئەوانەی پەستانی خوێنیان کۆنتڕۆڵ نییە و بەرزە، دوای چوار ساڵ لە بەردەوامبوونی ئەو کێشەیەیان، نیشانە سەرەتاییەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەرکەوتووە.
 
پڕۆفیسۆر جیانگ هی، لە زانکۆی تێکساس دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن نەک تەنیا مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە کەم دەکاتەوە، بەڵکو ئەگەری تێکچوونە هزرییەکانیش کەم دەکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2021دا نزیکەی 60 ملیۆن تووشبووی لەبیرچوونەوە تۆمارکراون.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ئەم هۆکارانە دەشێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیادبکەن؛ 
 
- خواردنەوەی کحول
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- کەمیی ڤیتامین D
- شەکرە
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- خەمۆکی
- قەڵەوی
- بەساڵداچوون